جورف لسخر ناوچە داخراوەکە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم داهاتووی عیراق

بیروڕا 02:15 PM - 2026-11-18
کاردۆ عوسمان هەورامی

کاردۆ عوسمان هەورامی

لە نەخشەی سیاسی و ئەمنی عیراقدا، ناوچەی «جورف لسخر» (کە ئێستا ناوی فەرمی گۆڕدراوە بۆ جرف النصر) تەنها زەوییەکی جوگرافیی داخرواو یان گۆڕەپانێکی سەربازی نییە، بەڵکو سیمبولێکی زەقە بۆ ئاڵۆزییە قووڵەکانی حوکمڕانی، ململانێی هێزە ئیقلیمییەکان، و ئەو بێسەروبەرییە ستراتیژییەی کە چارەنووسی دەوڵەتی لە قۆناغە هەستیارەکاندا خستووەتە مەترسییەوە، ناوچەکە وەک دەروازەیەکی ستراتیژی لە نێوان باکوور و ناوەڕاست و باشووری عیراقدا دەورێکی هەستیار دەبینێت، بەڵام بۆچوونی لایەنە جیاوازەکان لەسەر داهاتوو و دۆسیەی ئیداری و ئەمنی ئەم ناوچەیە، کردوویەتی بە بەردی تاقیكردنەوە بۆ سەروەریی یاسا و ڕاستگۆیی پرۆسەی سیاسی.

هۆکارەکانیشی بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێتەوە:

یەکەم: پێگەی جوگرافی و مێژووی قەیرانەکە لە گێژاوی ململانێکاندا
جورف لسخر لە ڕووی جوگرافییەوە شوێنێکی هەستیارە و کەوتووەتە باکووری پارێزگای بابل و هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگاکانی ئەنبار و بەغدا. ئەم پێگەیە وای لێکردووە لە سەردەمە جیاوازەکاندا لانکەی جموجۆڵە جۆراوجۆرەکان بێت. دوای ڕووداوەکانی ساڵی 2014 و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە، پاشان کۆنترۆڵکردنەوەی لەلایەن هێزە ئەمنی و حەشدی شعبییەکانەوە، دۆخی ناوچەکە کەوتە قۆناغێکی نائاساییەوە.
تا ئێستاش، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر بەسەر کۆتاییهاتنی شەڕی داعشدا، دانیشتووانی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان. ئەم ڕاگرتنی دۆخە و دوورخستنەوەی هاووڵاتییان، نیگەرانییەکی گەورەی مرۆیی و نەتەوەیی دروست کردووە. پرسی جورف لسخر تەنها کێشەیەکی خزمەتگوزاری یان ئیداری نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئەو هاوکێشە سەربازی و سیاسییانەیە کە تێیدا بڕیاری دەوڵەت هەندێکجار دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بڕیاری هێزە دەرەکییەکان و میلیشیاکانەوە.

دووەم: ئاڵنگارییەکانی بەردەم سەروەریی دەوڵەت و ئاشتەوایی نیشتمانی
لە کاتێکدا حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بەردەوام باس لە جێبەجێکردنی چاکسازی، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و سەروەریی یاسا دەکات، دۆسیەی جورف لسخر وەک تاقیکردنەوەیەکی شکستخواردوو دەمێنێتەوە کە دەسەڵاتی ناوەندی ناتوانێت یان بوێری ئەوەی نییە کۆنترۆڵی تەواوی بەدەستەوە بگرێت.
 دووەم: قەیرانی ئاوارەبوون و مافەکانی مرۆڤ: سەدان خێزان لە دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە لە کەمپەکاندا یان لە ناوچەکانی تری عێراق بە دەست نەبوونی مافی گەڕانەوە و بێبەشبوون لە ژیانی ئاسایی دەناڵێنن.

سێیەم: تێکچوونی هاوسەنگی دیمۆگرافی و ئەمنی: هێشتنەوەی ناوچەکە وەک ناوچەیەکی داخراو کە تەنها هێزە چەکدارە دیاریکراوەکان دەسەڵاتیان بەسەریدا هەبێت، گومان لەسەر ئامانجە درێژخایەنەکانی مانەوەی دۆخەکە دروست دەکات.

 چوارەم: لاوازی بڕیاری سیاسی: سەرکردایەتی سیاسی عیراق لە بەغدا کاتێک نەتوانێت هاووڵاتییانی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانیان، ئەمە لاوازیی دەسەڵاتی فیدراڵی لە بەرامبەر بڕیاری هێزە لاوەکییەکان دەردەخات.

بۆ ئەوەی عیراق بتوانێت هەنگاو بەرەو سەقامگیرییەکی ڕاستەقینە بنێت، پێویستە چارەسەرێکی بوێرانە بۆ کێشەی جورف لسخر بدۆزرێتەوە. ئەمەش چەند هەنگاوێکی کرداری دەوێت:
1. جیاکردنەوەی دۆسیەی ئەمنی لە ململانێی سیاسی: دەبێت دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت (سوپا و پۆلیس) کۆنترۆڵی ئەمنی ناوچەکە بگرنە دەست و کۆتایی بهێنرێت بە دەستتێوەردانی حزبی و چەکداری دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان.
2. پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە و گەڕانەوە: دڵنیابوونەوە لە پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەی مین و تەقەمەنی، لەگەڵ پشکنینی دۆسیەی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوەی بەپەلەیان.
3. بەهێزکردنی سەروەریی یاسا: هیچ ناوچەیەک لە عێراقدا نابێت ببێتە "ناوچەی تاریق" یان دەرچوو لە دەسەڵاتی یاسایی دەوڵەت، چونکە ئەمە بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتیانە تێکدەدات.

دەرئەنجام:
جورف لسخر تەنها ناونیشانێک نییە لە مێژووی ناکۆکییەکانی عیراقدا، بەڵکو ئاوێنەیەکە کە شکست و خاڵە لاوازەکانی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە دوای ساڵی 2014 نیشان دەدات. تاوەکو بڕیاری سیاسی لە بەغدا نەتوانێت سەروەریی ڕاستەقینە بسەپێنێت و ماف بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان بگەڕێنێتەوە، قەیرانەکان بە کراوەیی دەمێننەوە و متمانەی هاووڵاتی بە دەوڵەت زیاتر پاشەکشە دەکات.

PUKMEDIA