با قەوارەکە خۆی شایەتی بدات
بیروڕا 09:58 PM - 2026-11-16
لە ململانێی سیاسیدا، ئەوەی دەیەوێ ئەوی بەرامبەر بخاتە ژێر پرسیارەوە، بە دوای وڵامدا ناگەڕێت، دەیەوێ کات و سات و جۆر و چوارچێوەی مەیدانی ململانێکە دیاری بکات. هەن ماوەیەکە چاوەڕێی ئەوە دەکەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ژێر سێبەری ئەو یارییەدا بوەستێنن و بیخەنە دۆخێکەوە تەنها فریای ئەوە بکەوێت خۆی تێیدا ڕوونبکاتەوە. ئەم یارییە لێرەوە کۆتایی دێت و پرسیارەکە ئاڕاستەی خاوەنە ڕاستەقینەکەی دەکرێتەوە، ئەو لایەنەی زیاتر لە دە ساڵە سەرۆکایەتیی حکومەت دەکات و کلیلی نەوت و داهاتی بە دەستەوەیە، قەوارەی هەرێمی گەیاندوەتە کوێ؟ وڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بە وتار و بەیاننامە نییە. قەوارەکە خۆی زمانی هەیە، بێگومان ئەگەر ڕێگەی قسەکردنی پێبدرێت، شایەتییەکەی لە هەموو وتارێک ڕوونترە.
یەکەم شایەت هۆڵی پەرلەمانە. لە دوازدەی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥دا، هێزێکی چەکداری سەر بە پارتی لە بازگەی هەولێر ڕێگەی لە سەرۆکی پەرلەمان گرت و گەڕاندییەوە بۆ سلێمانی و هۆڵەکە تا ئەیلوولی ٢٠١٧ بێدەنگ کرا. لە شوباتی ٢٠١٩دا هەمان لایەن، لە کاتێکدا یەکێتی دوورەپەرێز بوو، سەرۆکێکی کاتیی بۆ پەرلەمان دیاریکرد، ئەمڕۆ هەمان ئەو لایەنە، بە هەمان شێواز و تەنها بە دەنگێک زیاتر لە ڕێژەی یاسایی، دەگەڕێتەوە سەر کورسییەکە. سێ وێستگە و یەک مۆڕاڵ، پەرلەمان لای پارتی تا ئەو ساتە پیرۆزە ملکەچی ویستەکانی بێت، هەر کاتێک دەنگێکی جیاوازی تێدا بەرزبۆوە، یان دەرگەکەی دادەخرێت یان ژمارەکانی دادەڕێژرێنەوە. ئەوەی سەرۆکی پەرلەمانی بە زەبری چەک لە دەروازەی شار گەڕاندەوە، چ ڕەوایییەک بۆ خۆی دەهێڵێتەوە تا وانەی ڕێزگرتن لە دامەزراوەکان بە خەڵک بڵێتەوە؟
دووەم شایەت گەنجینەی هەرێمە. لە ٢٠١٤ەوە نەوتی هەرێمی کوردستان بە ڕێگەیەکی سەربەخۆ فرۆشراوە و داهاتەکەی لە دەرەوەی چاودێریی پەرلەمان ماوەتەوە. ئەو سەربەخۆییە ئابوورییەی دەبوو کۆڵەکەی قەوارەکە بێت، بە دەستی لایەنێک بەڕێوەبراوە و هەر بە دەستی هەمان لایەنیش لەدەستچووە. لە شوباتی ٢٠٢٤دا ئەنجامەکەی گەیشتە لووتکە، دادگەی باڵای فیدراڵی فەرمانیدا هەرێم هەموو داهاتی نەوتی و نانەوتیی ڕادەستی بەغدا بکات و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بدرێت. ئەوانەی دەرگەی ئەو دادگەیەیان کوتا، فەرمانبەر و خانەنشینی ئەم هەرێمە بوون، دوای ئەوەی مانگ لە دوای مانگ مووچەکانیان لە هەولێرەوە نەدەگەیشت. هاووڵاتییەک ناچاربێت مافی نانی خۆی لە بەغدا بدۆزێتەوە، خۆی تۆمەتنامەیەکی تەواوە دژی ئەوەی لە هەولێر کلیلی گەنجینەکەی پێبوو. قەوارەیەک نەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بدات، بەشێکی گەورەی ناوەڕۆکی خۆی دۆڕاندووە و ئاڵاکانیش ناتوانن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە. پرسیارەکە لێرەدا ئاسانە، ئەو دەسەڵاتە داراییەی کورد بە دەیان ساڵ خەباتی بۆ کرد، لە سەردەمی کێدا بەتاڵبۆتەوە؟
سێیەم شایەت ئەو یاسایەیە زیاتر لە دە ساڵە پەرلەمان چاوی پێنەکەوتووە، یاسای بودجە. هەرێمێک بەبێ بودجەی یاسایی، وەک ماڵێکە حسابی داهات و خەرجییەکانی لای دەستێک بێت و ئەندامانی خێزانەکە تەنها ئەنجامەکەی لەسەر سفرەکەیان ببینن، ئەویش ئەگەر خودی ئەو دەستە بیەوێت. ئەم بێدەنگییەی ژمارەکان شێوازێکی دەسەڵاتە، ئەوەی حساب نادات، لێپرسینەوەشی لێناکرێت، ئەوەی لێپرسینەوەی لێنەکرێ، زوو یان درەنگ دامەزراوەکان دەکاتە موڵکی خۆی. ئەوەی ئەمڕۆ بە ناوی کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە دەدوێت، با سەرەتا بە خەڵکی بڵێت، دە ساڵی ڕابردو تا ئەمڕۆ ژمارەکانی ئەم هەرێمە لە کوێ بوون؟
چوارەم شایەت نەخشەکەیە. هەرێم دوو نەخشەی هەیە، یەکێکیان لەسەر ئاڵا و بەیاننامەکان کێشراوە و لە زاخۆوە تا هەڵەبجە یەک ڕەنگە، ئەوی تریان لەسەر ڕێگە و پرد و پڕۆژە و بودجەی گەشەپێدان کێشراوە، هەر خوێنەرێکی ئاسایی دەبینێت بازنەکەی چەند تەسکە. ئەوەی نەخشەی دووەمی بەم شێوەیە کێشاوە، ئەمڕۆ لەسەر نەخشەی یەکەم وتار دەدات و خەڵکی دەڤەرە پەراوێزخراوەکان بە دوژمنی قەوارەکە دەناسێنێت.
لەم شایەتییانەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێناسەی خۆی بۆ قەوارەکە دادەنێت، ئەم پێناسەیە دەبێتە پێوەری هەر گفتوگۆیەکی داهاتوو، پەرلەمانێک دەرگەکەی بە چەک و ژمارەی دەستکرد دانەخرێت، داهاتێک لە بەردەم چاوی نوێنەرانی خەڵکدا بژمێردرێت، بودجەیەک بە یاسا پەسەندبکرێت و دابەشکردنی دەسەڵات و سامان و خزمەت، دەرئەنجامی سندوقەکان ڕەنگبداتەوە. هەر لایەنێک بیەوێت لەگەڵ یەکێتی دابنیشێت، لەسەر ئەم مێزە دادەنیشێت و بەم پێوەرانە دەپێورێت. کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت لەم ڕوانگەیەوە ئیمزانەکردنە لەسەر ئەم تۆمارنامەیە، یەکێتی ئامادە نییە ناوی خۆی بخاتە ژێر پەڕەیەکەوە خۆی نەینووسیوە و ڕازی نییە بەوەی تێیدا نووسراوە.
لێرەدا ئەو پرسیارەی بۆ دیاریکردنی گۆڕەپان و چوارچێوەی یارییەکە دادەڕێژراوە کە ئامانجی ئەوە بوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەتی و ئەوانیتر بە گشتی بخاتە ناو خولانەوە بە دەوری هیچدا، دەگۆڕێت، پرسیارێکی تر جێگەی دەگرێتەوە، پرسیارێک خەڵکی هەرێم ڕۆژانە لە چاوەڕوانیی مووچەدا و لە بەردەم دەرگەی داخراوی پەرلەماندا دەیکەن، ئەوەی زیاتر لە دە ساڵە کلیلەکانی بە دەستەوەیە، چی لەم قەوارەیە بۆ ماوەتەوە؟ پاسەوانێکی دە ساڵە ئەمڕۆ لە بەردەم چوار شایەتدا وەستاوە و هیچ کامیان بە دەنگی ئەو قسە ناکەن. تا ئەم پرسیارە وڵام نەدرێتەوە، هەموو باسێکی پاراستنی قەوارەکە پەردەیەکە بەسەر تۆمارنامەیەکدا، تۆمارنامەیەک خۆی شایەتی لەسەر خۆی دەدات.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
عوسمان سەعید نادر: هەميشە پێشمەرگەی یەكێتی و گەلی كورد دەبین
03:04 PM - 2026-11-23 -
رێنمایی نوێ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت
12:18 PM - 2026-11-23 -
هاووڵاتییەك بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسكردنی ژینگە دەستگیر دەكرێت
11:26 AM - 2026-11-23 -
دیداری دادپەروەری بۆ ژنان بەڕێوەدەچێت
10:29 AM - 2026-11-23


.webp)

دابەزێنە

