ئاسۆیەکی نوێ لە سلێمانییەوە

بیروڕا 10:33 AM - 2026-11-15
ھەڵمەت ھۆشیار

ھەڵمەت ھۆشیار

سلێمانی، پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی نوێ و ئومێدبەخش هەنگاو دەنێت، ئەوەش دوای بڕیار و هەنگاوە سیاسییەکانی ئەم دواییەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ئەم هەنگاوانە تەنیا گۆڕانکاریی لە سیاسەت و ستراتیژە حزبییەکاندا نین، بەڵکو چ لە شەقام و چ لای دەستەبژێری کۆمەڵگەوە وەک هەوڵێکی جددی بۆ نەخشەڕێگەیەکی نوێ لێکدەدرێتەوە، تاکو بتوانرێت ئابووریی شارەکە بگەشێنێتەوە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان گەشە پێبدات.

دەیان ساڵە سلێمانی بە کارایی سیاسی و رووناکبیری ناوبانگی پەیداکردووە، بەڵام ئاڵنگارییە ئابووریی و کارگێڕییەکان، بیری خۆسەپین و ناهاوسەنگی لە بەڕێوەبردندا، لە چەند ساڵی رابردوودا بارگرانییەکی قورسی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە، ئەم نا هاوسەنگییە نەک تەنیا لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکان رەنگدانەوەی هەبووە، بەڵکو ژیان و گوزەرانی خەڵکیشی سەختکردووە.

بێباکی حوکمڕان و لە قاڵبدانی سنووری سلێمانی لەلایەک و دەستبردن بۆ لێدان لە شکۆی دەنگدەران و مامەڵەکردن پێیەوە لەلایەکی دیکەوە، فاکتەری سەرەکی بڕیارەکەی سەرکردایەتی یەکێتی بوو.

بڕیار و پرۆژەی یەکێتی دەستپێکی سەردەمێکی راگوزەرە لە نێوان قۆناغی بەڕێوەبردنی قەیران بۆ قۆناغی چارەسەر کە وەک (ئاسۆیەکی نوێ) دەبینرێت لە ناوچەکەدا.

دەستپێکی ئەم قۆناغە پێویستی بە چاکسازیی ئیداری و کەمکردنەوەی رۆتین و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەیە، بۆ ئەوەی خوێنێکی نوێ بە شادەمارەکانی ئابووری و بازاڕدا بڕوات و لە رێگەی بەھێزکردنی لامەرکەزییەتەوە خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بە هاووڵاتیان بکرێت و ژیان و گوزەرانی خەڵکی بەرەو باشی بڕوات و سەرچاوە سروشتییەکانی ناوچەکە بخرێنە خزمەتی خاک و خەڵکەوە.

هاوکات پێویستە لە رێگەی گەشەپێدانی ئابووری ناوچەکەوە بازاڕ ببوژێتەوە و دەروازە سنوورییەکان کارابکرێن و ژینگەی ئارام و پڕ ئاسایش بۆ سەرمایەگوزاریی فەراهەم بکرێت، بۆ ئەوەی سەرنجی وەبەرھێنەران رابکێشێت دەست بە پرۆژەکانیان بکەنەوە و دەرفەت بۆ وەبەرھێنی بیانیش بڕەخسێنرێت سەرمایەکانیان لە کەرتە جیاجیاکانی سنوورەکەدا وەگەڕ بخەن و زۆرترین هەلی کار بڕەخسێنن.

ئەم هەنگاوە پێویستی بە دروستکردنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ و جێگیر لەگەڵ بەغداد هەیە، لەپێناو ئەوەی لێکتێگەیشتنەکان گرەنتی فەراهەمکردنی مافەکانی گەل بکات لە رووی سیاسی یان ئابووری یاخود کەلتورییەوە بێت، مافی مووچەخۆران وەک مافێکی بنەڕەتی و سەرەتایی خەڵک، هاوشێوەی تەواوی موچەخۆرانی عیراق لە دەرەوەی ململانێی سیاسی و کەسییەوە بێت.

هاونیشتمانیان تێدەگەن، ئارامی سیاسی دەروازی باشتربوونی بژێوی و گەشەی ئابورییە، بۆیە هەمیشە لەگەڵ ئەو رەوتەدا هەنگاو دەنێن کە بە ئاڕاستەی ئارامیی سیاسی ناوخۆ و عیراقدا دەڕوات.

ئەم هەنگاوە دەکرێت لە ئایندەدا دەستکەوتەکانی ببینرێت و هاونیشتمانییان لە ژیانی رۆژانەیانەدا هەستی پێبکەن، چونکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سلێمانی مێژوویەکیان لەگەڵ یەکتردا هەیە و لە سەردەمێکدا گەشە و پێشکەوتنی ئەم ناوچەیە وەک نموونەیەکی ناوازەی خزمەت و حوکمڕانی تەماشا دەکرا و لە ئەزەلەوە ئەم ناوچەیەش هەروا بووە، توانیویەتی لە تروسکاییەک ئومێدەوە رۆژگارێکی پرشنگدار دروست بکات.

PUKMEDIA