قوباد تاڵەبانی سەبری ئەیوبی نەما

بیروڕا 08:39 PM - 2026-11-13
لەتیف نێروەیی

لەتیف نێروەیی

پێناچێت لە هەرێمی کوردستاندا هیچ سەرکردە یان دەوڵەتمەدارێک هەبێت، کە بەرپرسیارێتییەکی حکومی لە ئەستۆ بێت و هێندەی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی پشوو درێژ بووبێت لە پێناو بەدیهێنانی یەکڕیزی و نەهێشتنی شوێنەوار و دەرهاویشتەکانی دوو ئیدارەیی. وەك هەمیشەش بەکردەوە کاری بۆ ئەم ئامانجە کردووە و بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستانی خستووەتە سەرووی بەرژەوەندیی حزبیی خۆیەوە، هەڵبەت لەپێناوی ئەمەشدا، بەرگەی زۆرترین ڕەخنە و گوشاری لایەنەکانی حزبەکەی خۆیی و میدیای ئۆپۆزسیۆن و سەرپێچی و گوشارەکانی (پارتی) گرتبێت.

هەرئەوەش نا، بەڵكو ئازایانە بەردەوام بووبێت لەسەر پینەو پەڕۆکردنی خەوشییەکانی حکومەتی هەرێم و هەوڵدانی بێ وچان بۆ نزیککردنەوەی نێوان یەکێتی و پارتی، بەڵام دواجار سەبری ئەیوبی نەماو پشوودرێژییەكەی وەلانا و لەبەردەم میدیا و لە پەیامێکی فەرمیدا ئەوەی چەندان ساڵ لەژێر بەڕەبوو خستیە سەر بەڕەو کۆمەڵێك نهێنی درکاند، کە دەمێک بوو لەناو ناخی خۆیدا ئەرشیفکرابوون، راستیەكی تاڵیشی خستەڕوو، کە ئیدی چیتر هەرێمی کوردستان بە مۆدێلی ئێستای حکومڕانی بەڕێوەناچێت و لەم وڵاتە شتێک نییە بەناوی یەک ئیدارە، هەربۆیە هەرێمی كوردستان پێویستی بە مودێلێکی نوێی حکومڕانی هەیە، کە بتوانێت سەقامگیری و خزمەتگوزاری فرە ڕەهەند بۆ هاوڵاتیان فەراهەم بکات بەبێ جیاوازی.

ئەمە رێگا دروستەکەیە بۆ واقیعی ئێستای هەرێم و لەجیاتی پروپاگەندە و تۆمەت و دروستکردنی سیناریۆی سەیر و سەمەرەو دروشمی قەبەی بێ ناوەڕۆک، هەموو لایەنەکان بە روحیەتیەکی بەرپرسیارانەوە بیر لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی ریشەیی بکەنەوە بۆ واقیعی ئێستای هەرێم، نەك هەر لەسەر هەمان ریتم و ئاوازی جاران بەردەوام بن .

PUKMEDIA