مۆزەخانەی شۆڕشی نوێ
بیروڕا 11:58 AM - 2026-11-02
بیرۆكە پرۆژەی ژمارە (1)
لە ژیانی هەموو نەتەوەیەکدا مۆزەخانەی شۆڕش تەنها
ئەرشیفێکی کۆگاکراوی ڕابردوو نییە، بەڵکو پەیکەرێکی زیندووی ئازایەتی و
قوربانیدانی گەلێکە، کە بە خوێن و ئیرادە مێژووی نوسیوەتەوە، ئەمجۆرە ناوەند و
مۆزەخانانە پردێکی مەزنن لە نێوان نەوەی پێشوو و ئێستا، تێیدا چیرۆکی سەختیەکان،
بەرخۆدان و هەڵمەتی نەبەردانە بە شێوازێکی پڕ لە هەست و سیمبولیی دەپارێزرێت بۆ
ئەوەی یادەوەریی نەتەوەیی هەرگیز کاڵ نەبێتەوە. بوونی ئەم مۆزەخانەیە بۆ کورد و
یەکێتی وەبیرهێنانەوەیەکی هەمیشەیی دەبێت، کە ئازادی و سەربەخۆیی بە ئاسانی بەدەست
نەهاتوون، بەڵکو بەرامبەر بەها بەرزەکان قوربانییەکی بێوێنە دراوە.
هەڵبەت زۆربەی
ئەو حزبە شۆڕشگێرانەی جیهان، كە مێژوویەكی دوورودرێژی خەباتی چەكداری و سیاسییان
هەبووە لەپێناو رزگاركردنی وڵاتەكەیان و رۆڵیان هەبووە لە بونیادنانی وڵاتەكەیاندا
و لەدوای سەركەوتنی شۆڕشەكەیان مۆزەخانەی تایبەت بە مێژووی خەباتی شۆڕشەكەیان
دروستكردووە لە نمونەی وڵاتانی جیهان (ئەمریكا، چین، ڤێتنام، ئێران، كوبا،
ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەلەستین، جەزائیر) و چەندان وڵاتی دیكە:
شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بە رابەرایەتی (ی.ن.ك) كە
شۆڕشێكی (چەكداری، سیاسی، هزری، كۆمەڵایەتی) بوو، بە یەكێك لە دوورودرێژترین،
كاریگەرترین، پڕ دەستكەوتترین شۆڕشەكانی گەلی كوردستان دادەنرێت كە قەوارەی هەرێمی
كوردستان و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی لە دەستوری عێراقی نوێدا بەدوای خۆیدا هێناوە.
بۆیە ئەم شۆڕشە هاوشێوەی شۆڕشەكانی دیكەی جیهان
پێویستی بە مۆزەخانەیەكی تایبەت هەیە.
ئامانج لە مۆزەخانەكە:
ـ پاراستن و بەزیندووهێشتنەوەی ئەرشیف و بەڵگەنامە و
كەرەستە و جیهاز و ئامێر و هەندێ چەكی ئەو سەردەمە.
ـ لە مۆزەخانەدا وێنەكان خۆیان دەدوێن.
ـ وێنەی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر .
ـ وێنەی شەهیدانی سەركردە و فەرماندە سەربازییەكانی
سەردەمی شۆڕشی نوێ.
ـ هەڵواسینی تێكستی پەیامەكانی ئەو سەردەمە.
ـ تێكستی بەیاننامەی دامەزراندنی (ی.ن.ك) بە چەند
زمانێك و هەڵواسینی پەیامەكە بەشێوەی تابلۆ.
ـ وێنەی شوێنی دامەزراندنی یەكێتی و ساڵی
دامەزراندنەكە.
ـ پیشاندانی وێنەی ئەو ئامێر و كەل و پەل و كەرەستە و
چەك و ئامێرەکانی پەیوەندیكردنی ئەو سەردەمە.
ـ پیشاندانی جیهاز و ئامێر و میكسەر و كەل و پەلەكانی
رادیۆی قۆناغی شۆڕش.
ـ پیشاندانی سەرجەم ئەو گۆڤار و رۆژنامە و پەرتوكانەی
لەسەردەمی شۆڕشی نوێ بڵاوكراونەتەوە و هەروەها ئەو رۆنیو و ستێنسل و ئامێری
چاپانەی چاپخانەکانی شۆڕش کە ئەو سەردەمە بەکارهێنراون.
ـ پیشاندانی تێكستی پەیامەكانی سەردەمی شۆڕش
(بەیاننامە، بەلاغ، بانگەواز، ئاگاداری، بروسكە گرنگەكان).
ـ پیشاندانی چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
ـ پیشاندانی بەڵگەنامە ڤیدیۆییەكانی ئەو سەردەمە.
ـ پیشاندانی وێنەی شوێنی بارەگای هەڤاڵ سكرتێری گشتی و
مەكتەبی سیاسی لە شوێنە جیاوازەكانی سەردەمی شۆڕش.
ـ بڵاوکردنەوەی پەیامەكانی هەڤاڵ سكرتێری گشتی بە
شێوەی (ڤیدیۆیی) یان دەنگی.
ـ خستنەرووی
رێگا و پەیکەری ئەنجومەنی دێهاتەکان، کە لە سایەی شۆڕش هەڵبژێردرابوون.
ـ نمایشکردنی نەخشەی ناوچە رزگاركراوەكانی ئەو سەردەمە.
ـ پیشاندانی پەیكەری سەربازیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان
و جۆرەكانی خەباتی ئەو قۆناغە مێژووییە.
ـ نمایشکردنی وێنەی نەخۆشخانەی شۆڕش، دادگای شۆڕش،
تیپی هونەری شۆڕش، قوتابخانەکانی
شۆڕش، رێكخراوەكانی ژنان، مامۆستایان، نووسەران
و ئەوانی دیكە.
ـ تۆماركردنی ناوی سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی نوێ لە
مۆزەخانەكە لە رێگەی دیواربەندەوە.
ـ بڵاوکردنەوەی چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە لەرێی دەنگەوە، کە کاتی خۆی لەلایەن
بێژەرەکانی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان خوێنراوەتەوە.
ـ پیشاندانی ئەو ژمارانەی كە بە نهێنی و جوفرە
بەكاردەهێنران و لە رادیۆ بڵاو دەكرانەوە بۆ ئاگاداركردنەوەی هێزی پێشمەرگە و پەیوەندیکردن
بە رێکخستنی نهێنی.
ـ پیشاندانی تێكستی داستانەكانی هێزی پێشمەرگەی
كوردستان.
گرنگی مۆزەخانە:
دەبێتە ناوەندێكی گرنگی پاراستنی مێژوویی شۆڕشی نوێ و
یەكێتی و نەوە لە دوای نەوە بەشێوەی (بینراو، بیستراو، خوێنراو) بە مێژووی شۆڕشی
نوێ ئاشنا دەبن.
ـ دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگ و لەبەردەست بۆ توێژەران.
ـ شاندی میوان بە بەسەركردنەوەی مۆزەخانەكە، ئاشنای
مێژووی شۆڕشی نوێو خەباتی خەڵکی کوردستان دەبن.
ـ دەبێتە ناوەندێكی گرنگ بۆ گەشتی زانستی خوێندكارانی
كۆلێژ و پەیمانگاكان.
ـ هێشتا وەكو پێویست مێژووی یەكێتی و شۆڕشی نوێ
نەنووسراوەتەوە، ئەم مۆزەخانەیە دەبێتە ناوەندێكی سەرەكی بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم
كەرەستە و بەڵگەنامەی تایبەت بە رووداوەكانی سەردەمی شۆڕشی نوێ.
ـ تێكۆشەرانی دێرینی یەكێتی و نەوەكانیان بە كردنەوەی
ئەو مۆزەخانەیە شانازی بە رابردووی خۆیانەوە دەكەن .
ـ ئەمە بەشێكی گرنگی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی
كوردستانە و لەرێی مۆزەخانەوە رێكدەخرێت و بەزیندوویی دەمێنێتەوە.
ـ پۆلێنکردنی بەشەکانی مۆزەخانەکە (سیاسی، سەربازی، شەهیدان، رێکخستنی نهێنی،
دادگای شۆڕش، راگەیاندن، پەروەردەیی، رێکخراوەیی و ئەوانی دیکە).
ـ گرنگییەكی دیكەی مۆزەخانە ئەوەیە وەك ئەوەی لە
ئەمنەسورەكەی شاری سلێمانی لەسەر دەستی ژنە سیاسەتمەدار و شۆڕشگێر هێرۆ ئیبراهیم
ئەحمەد كراوە ئەویش كۆكردنەوەی ئەو بەڵگەنامانەی كە تایبەتن بە تاوانەكانی رژێمی
بەعس كە لە دژی گەلی كوردستان ئەنجامدراون.
بیرۆكەی پرۆژەكە:
ـ بیرۆكەی ئەم پرۆژەیە لەوە سەرچاوەی گرتووە كە دووجار
لە وڵاتی چین سەردانی مۆزەخانەی تایبەت بە حزبی كۆمۆنیستی ئەو وڵاتەم كردووە و
یەكێكە لە مۆزەخانە گرنگ و سەرنجراكێشەكان و کاریگەری مۆزەخانەکە لەوەدایە، کە
ئەوەی بەچاو دەبینرێت زیاتر كاریگەری درێژخایەن دروست دەكات.
لە كۆتاییدا هیوادارین ئەم بیرۆكە پرۆژەیە ببێتە جێگای
رەزامەندی و كاری پێویستی لەسەر بكرێت چونكە ئەمە بەشێكی گرنگی مێژووی گەلەكەمانە
كە لە قۆناغێكی سەخت و دژواردا تۆمار كراوە و هەروەک ببێتە پرسێک بۆ گفتوگۆی
هەڤاڵانە و دەوڵەمەندکردنی پرۆژەی مۆزەخانەی شۆڕشی نوێ.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
عوسمان سەعید نادر: هەميشە پێشمەرگەی یەكێتی و گەلی كورد دەبین
03:04 PM - 2026-11-23 -
رێنمایی نوێ بۆ تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت
12:18 PM - 2026-11-23 -
هاووڵاتییەك بە تۆمەتی رشتنی رۆنی رەش و پیسكردنی ژینگە دەستگیر دەكرێت
11:26 AM - 2026-11-23 -
دیداری دادپەروەری بۆ ژنان بەڕێوەدەچێت
10:29 AM - 2026-11-23




دابەزێنە

