riklam

بەلەسە

بیروڕا 10:32 AM - 2026-10-05
کاروان ئەنوەر

کاروان ئەنوەر

‎بەلەسەبوون لە چوارچێوە گشتییەکەیدا، چەند جۆرێکی هەیە، لەوانە: هاریی، وێڵیی، سەرهەڵگرتن، جووتە و قۆچ و شاخ وەشاندن، ملنەدان، کێوی یان دەشتی بوون، خۆونکردن، خۆنەناسینەوە، دڕبوون، دانەکەژ-کێو، شێتبوون، ساختەچیبوون، بەرەڵا، ڕقن، قیناوی، لەدەست دەرچوون، چەتە بوون، پەلاماردەر، مانگرتن لە خواردنی ئالیک و ئاو و لەوەڕ و.....هتد. دەیان خوو رەفتاری تری گۆڕاو ھەن لەپڕێکدا دەقەومێن، پێشتر نەبوون و ئێستا هەن، بەمە دەوترێت بەلەسەبوون.

کاتێک گا، ماین، ئەسپ، وشتر، (کەر- گوێدرێژ، ئێستر- قاتر)، فیل، بەران، بزن، بەراز ، ئاسک....ھتد، بەلەسە دەبن.. گاوان و مەیتەر و شوانەکان و ڤێرتێرنەرەكان، ئامۆژگاریمان دەکەن کە نابێت لە پشتیانەوە بوەستین، چونکە جووتە و لەقەو سم دەوەشێنن، نابێت لە پێشیشیانەوە بوەستین چونکە گاز و قەپ و كەڵبە دەگرن، بۆیە دەبێت بە ڕێشو یان لەغاو یان گوریس بگیرێنەوە، لەهەندێک حاڵەتدا، دەبێت چاویان بەپارچە پەڕۆیەکی رەش دابپۆشرێت، تا ھێور دەبنەوە، چونکە لەوانەیە، ترسابن، یان برسییان بێت، یان لەهەندێک حاڵەتدا هار بووبن وەک ئەوەی لە سەگەکاندا روودەدات، بۆیە دەبێت ھەمیشە خەڵکانی بێئاگا و سڤیل لە دەوریان دوور بخرێنەوە، تا چارەسەر دەكرێن.

ئەم وشەیە زیاتر بۆ وڵاخە بەرزەو ئاژەڵی ماڵیی بەکاردێت، بەڵام ئەمڕۆ لە بواری سیاسەت و رۆشنبیریی و میدیاشدا بەشێوەی (درکە-کنایە) دەخرێتە رستەوە بۆ ئەو مرۆڤانەی ڕەفتاری نەشیاو و نامرۆڤانە دەکەن.. جا پێشئەوەی رەخنەی (شوبهاندن- لێچواندن) ی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ لەنوسینەكە بگرن، حەزدەكەم بزانن تیۆری (مرۆڤ ئاژەڵێكی قسەكەرە- الإنسان حیوان ناطق) كە زۆرترین قسە و چەندین بۆچوون لەسەر ئەو رستەیە وردكراوەتەوەو شیكاری جۆراوجۆری بۆ كراوە، لەوانەش فەیلەسوفی یۆنانی ئەرستۆ384-322 پ ز، فەیلەسوفە موسڵمانەكان أبو نصر الفارابی و أبو علی ابن سینا، هەمان بۆچوون بەڵام لەبەرگی جیاوازدا، لای چارلز داروین و سیگمۆند فرۆید پێیان وایە رەفتارەكانی مرۆڤ و ئاژەڵ لەیەكەوە نزیكن، بەڵام ئاژەڵ چەكی زمان و قسەكردن بەكارناهێنێت، بۆیە رەخنە لەم تێزە مەگرن، چونكە لە پێش زایینەوە ئەم لێكچواندنە تا ئەمڕۆ بەردەوامە..

پرۆسەی دوەم هێورکردنەوەی ئەم هەڵچوون و توڕەییەیە، بەشێوەیەكی گشتی پێیدەوترێت (دەستەمۆکردن)، جا ڕاستە ناونیشانی گۆشەی ئەم هەفتەیەتان (بەلەسە) یەو لەدنیای ئاژەڵانەوە دەستمان پێکرد، بەڵام مەبەستی سەرەكی من لەبەشی دوەمی پرۆسەکەیە کە دەستەمۆ بوونە یان بە زاراوە سیاسییەکەی ئاشتکردنەوە و گەڕانەوە و چاکبوونەوەیە لەو حاڵەتە لەپڕ و کتوپڕانەی توشی کەسێک دەبن و روودەدەن..

لە دینای ئاژەڵاندا بەپێی شارەزایی خاوەندار و جۆری بەلەسەبوون، زۆر ژیرانە رەفتار لەگەڵ ئاژەڵی بەلەسە دەکرێت، لەهەندێک حاڵەتیشدا کوتەک، تێڵا، مێکوت، قەمچی، حەیزەران، شوڵ، گۆچان-گۆپاڵ، دارعەسا بۆ ژیرکردنیان دەخرێتە کار. بەڵام بۆ دەستەمۆکردنی مرۆڤی لادەرو بەلەسەی توڕە دەبێت هۆکاری تر بخرێنە بەردەم ئەم کەسەی تا دوێنی عەیب و عاریان نەبوو، کەچی کە ئالیک بڕا یان كەمیكرد، کورتان سوڕاو هەندێك كەسیش توڕی دەدەن، دەست بەرەفتاری جیاواز و هەڵەشە دەكەن. چارەسەری ئەم بەلەسانە زۆر ئاسانە، لای بەرپرسانە، بەمشتێک پولوپارە، بەدیارییەکی گرانبەها، بەباخێک، چەند دۆنمێک زەوی، تاپۆكردنی دەزگایەكی فەلسەفی، میدیایی، رۆشنبیری، سەنتەرێک، ڤێلایەک، ئیقامەیەک، دامەزراندنی چەند کەسێکی دۆستو ئەحباب، لێخۆشبونی باجێكی قەبە، دەرخستنێکی شۆکهێنەر لەمیدیا، دەركەوتنێك لەتەنیشت وانێكەوە، لەگەڵ دەیان چارەسەری تر، ئەوسا بەلەسەی دەستەمۆ پارچە پەڕۆرەشەکە لەچاوی خۆی دەئاڵێنێت، وەک (نە بای دیبێت نە بۆران)، ئیتر (دنیا دەبێتەوە بە شامی شەریف) ئیتر ناشیرینترین و دێوترین و ناقۆڵاترینەكانی دوێنێ، دەبن بە جوانترین و خۆشترینەکان و باشترینەکان و ئازیزترینەکانی ئەمڕۆ...

زۆر توڕەمکەن سەد ناوی بەلەسەبووی دەستەمۆتان بۆدەکەم بەلیستێك.

ئەمەش لەسێگۆشەی خڕ دەچێت.

‎کاروان ئەنوەر

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket