riklam

یەکەم رۆژم لای مام جەلال

بیروڕا 10:13 PM - 2026-10-03
ماکۆک شێخ محەمەد

ماکۆک شێخ محەمەد

بۆ خولێکی رۆژنامەنووسی، ئێمە چوار رۆژنامەنووسی کورد و دە میدیاکاری عەرەب بۆ ماوەیەک لە ووڵاتانی بەلجیکا و هۆڵەنداو ئەڵمانیا بووین ، لەو ماوەیەدا (هاوینی 2004) زۆربەی هەرە زۆری دامەزراوە رۆژنامەنووسیی و سیاسیی و کلتورییەکانی ئەو ووڵاتانەمان بینی، بە دەیان وانەو میتینگی پڕ بەهای میدیاییمان ئەزموونکرد و سوودێکی باشمان لەو خولە وەرگرت .

دیار بوو من هێشتا لەوێ نەگەڕابوومەوە ، جەنابی مام جەلال بێ ئەوەی خۆم ئاگادار بم ، لە گەڵ برادەرانی ئەوێ رۆژێی دەزگای راگەیاندن ئەوەی یەکلا کردبووەوە کە دوای گەڕانەوەم یەکسەر دەبێ بچمە خزمەت جەنابیان و لەوێ وەک راوێژکاری راگەیاندن دەست بەکاربم .

بێگومان هەر واشبوو ، ئەو رۆژەی گەڕامەوە بۆ بەیانی رۆژی دواتر کاتێ چوومەوە دەوام ، برادەرانی راگەیاندن پێیان راگەیاندم کە بەزووترین کات پەیوەندی بە قەڵاچوالانەوە بکەم و ئەوەش بڕیاری مامی گەورەمانە !.

لێتان ناشارمەوە سەرەتا تووشی شۆک بووم ، لە نێوان ترس و دوودڵیی لە لایەک و ئەو متمانە گەورەیەی کە جەنابی مام جەلال بە منی بەخشیوە لە لایەکی ترەوە .
ئاخر ناهەقم نەبوو ، هەستیاریی کاری میدیایی و لە لای سەرکردەیەکی گەورە و رۆژنامەنووسێکی پڕ ئەزموونی وەک مام جەلالیش بەڕاستی جێگەی تێڕامان و ترس و دوودڵیی بوو ، چونکە دیارە مام بە کاری کرچوکاڵ وسەرپێیی قایل نەدەبوو، دەبێ ئەو کەسەی هاوکارییەتی لە هەر بوارێکدا بە دڵوبەگیان لە خزمەتی دا بێ و کارەکە بە جوانی راپەڕێنێ .

لە ناو ئەو نیگەرانی و دەرکەوتنی ئاسۆ نوێیە لە ژیانم دا چوومە قەڵاچوالان و بە دیداری مام شاد بووم .
ئەو رۆژە دیار بوو رۆژێکی ئاسایی نەبوو ، مام جەلال چاوەڕێی میوانێکی گرنگی دەکردو لە هەموو رووەکانەوە ئامادەکاری دەکرا ، چونکە میوانەکە بۆ نانی نیوەڕۆش دەمایەوە ، بە تایبەتی کە زۆربەی هەرە زۆری میوانەکانی مام بە داوەت و لوتف و قسەی خۆشی ئەو شاد دەبوون و خواخوایان بوو ئەو کەشەی کە مام دروستی دەکرد لە دانیشتن و لە سەر مێزی نانخواردنەکان دا چەندین بارە ببێتەوە.

زۆری پێنەچوو دەنگی هەلیکۆپتەری ئەمریکی دەڤەری قەڵاچوالانی رەنگینی پڕ کرد لە دەنگە دەنگ و چالاکی کە دیار بوو رۆژێکی گەرم و پڕ ئیش بوو بۆ جەنابی مام جەلال و تیمەکەی کە لە چەند ئەندام مەکتەب سیاسییەک پێکهاتبوون ، میوانەکان کاتێک دابەزین دیاربوو ژەنراڵی ئەمریکی دەیڤد پترایۆس لێپرسراوی دەڤەری موسڵ بوو کە هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرەشیان لە گەڵ دا بوو.
پاش بەخێرهێنانی گەرم کۆبوونەوەی فراوانی مام جەلال و وەفدی سەربازی هاوپەیمانان دەستیپێکرد ، لە کۆبوونەوەکەدا باسی کەرکوک و کێشەکانی برایانی سوننە و رۆڵی کورد لە بەغدا گرنگترین تەوەرەکانی بوون ، مام وەک هەمیشە داکۆکی لە ناسنامەی کوردستانییانەی کەرکوک و پێویستی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان و مسۆگەر کردنی مافی هەمووان لە عیراقی فیدراڵ و بوونێکی بەهێز و کارای کورد لە ناوەندەکانی حوکمی بەغدا کردەوە.

پاشان نیوەڕۆخوانێکی مام جەلال ماندووبوون و هیلاکی هەمووانی رەواندەوە ، ئەو رۆژە هەستم بەوەش دەکرد ژەنەراڵ پترایۆس باشتر ئەو قەناعەتەی لە لا پتەوتر دەبوو کە عیراقی ماندووی دەستی شەڕەکان و سیاسەتە چەوتەکان پێویستی بە سەرۆک و حەکیمێکی سیاسی وەک مام جەلال هەیەو هەر ئەو دەتوانێ کۆکەرەوە و رێکخەر و چەتری هەمووان بێ .

دواتر مام جەلال وەک هەمیشە بە رێزەوە میوانەکانی بەڕێکرد و ئیتر نۆرەی بەندە هات کە بە شێوەیەکی رەسمی یەکەمین هەواڵ لە چوارچێوەی ئەرکە نوێیەکەم دا ئامادە بکەم .

هەواڵەکەم نووسی و نیشانی مام جەلالم دا ، دیار بوو بە دڵی بوو ، ئەوە بۆ ئەویش و بۆ منیش مایەی خۆشحاڵی بوو ، بۆ ئەو مانای ئەوەبوو کە جەنابیان خوانەخواستە لە هەڵبژاردنی من دا بە هەڵەدا نەچووەو ، بۆ منیش ئەوەی دەگەیاند کە ئیتر کاتی متمانەبەخۆکردن و ئیرادەسازییە و دەبێ بە بڕوایەکی پتەوەوە شان بدەمە بەر ئەو متمانە گەورەیەی کە مام بەمنی بەخشیوە و ، دەبێ گرەوی هەندێ کەس کە گومانیان لە تواناو سەرکەوتنی بەندە نیشان دابوو پووچەڵ بێتەوە .دوای تەواو بوونی کارەکان مام ووتی : من سەرخەوێک دەشکێنم و دواتر قسە دەکەین .

دەمەو ئێوارەی ئەو رۆژە مام بانگی کردم و لەناو چیمەنەکەی قەڵاچوالان بەدەم قاوە خواردنەوەوە ووتی :
ماکۆک گیان ، من لە خۆوە تۆم دەستنیشان نەکردووە بۆ ئەوەی لای من کار بکەی ، من متمانەم پێتە و دەبێ خۆت بە باشی ئامادە بکەی ، عەرەبییەکەت بەهێزتر بکەی ، چونکە بەندە هەر لەو چاوەگایەی قەڵاچوالان دا نامێنمەوە و رۆژانێکی زۆر قورس و پڕ ئیش چاوەڕێمان دەکات لە بەغدای پایتەخت .

منیش لە بەرامبەر قسەخۆشەکانی مام دا ئەوەم بۆ دووپاتکردەوە کە هەموو توانام دەخەمەگەڕ بۆ ئەوەی متمانەی جەنابیان نەدۆڕێنم و بۆ هەموو ماندووبوون و قوربانیدان و باجێک ئامادەم .

مامیش زۆر کەیفی بە قسەو ئامادەیی بەندە هات و هەر ئەوەش بوو کە سوپاس بۆ خوای گەورە کە تا مام لە ژیان دا مابوو بە شانازییەوە لە خزمەتی دا بووین و خاوەن مێژوویەکی جوانین لە ناو گۆڕەپانی تێکۆشانی ئەو رابەر و سەرۆکە نایابەی گەلەکەمان دا .

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket