لە ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال، پیاوی ڕێککەوتنەکان لە سەردەمی تەنگانەدا
بیروڕا 03:05 PM - 2026-10-03
بۆچیی یادەوەریی عیراقییەکان دوای ساڵانێکیش لە کۆچی دواییەکەی، هێشتا
ناتوانێت 'جەلال تاڵەبانی' لەیاد بکات و وێنەی ئەو لە یادەوەرییەکانیان بە
زیندوویی ماوەتەوە؟
بۆچیی عیراقییەکان - بەتایبەت هاووڵاتیانی ناوەڕاست و باشووری
عیراق- هێشتا 'جەلال تاڵەبانی' بەو کەسە دەزانن، کە لە کاتی قەیرانەکاندا؛
هاوسەنگیی دروستدەکرد و لە کاتی تەنگانە و ناخۆشییەکانیشدا؛ ڕێگەی سازان و
چارەسەری دەکردەوە؟.
مێژووی دوور و درێژی عیراق پڕە لە قەیران و ئاڵۆزیی؛ تا ئەوەی جێگیری
و ئارامی لەم وڵاتەدا زۆرجار بووەتە دۆخێکی دەگمەن و ناکۆکیی و دابەشبوون هەمیشە
بەشێوەیەک لە شێوەکان سێبەریان بەسەر وڵاتەکەدا هەبووە،لە وڵاتێکی لەو چەشنەدا،
تەنها هێزی دەسەڵات بەس نییە بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت سوکانی حوکمڕانی
بەدەستەوەبگرێت؛ بەڵکو پێویستی بە تێگەیشتنێکی قوڵ لە کۆمەڵگە، ناسینی فرەیی و
جیاوازییەکانی و شارەزایی لە هونەری سازان و ڕێککەوتن هەیە، سازان لێرەدا بە مانای
دەستبەرداربوون لە بنەماکان نییە؛ بەڵکو ئامرازێکە بۆ پاراستنی دەوڵەت و ڕێگریکردن
لە دابەشبوون و تێکچوونی.
زۆر ئاسان نییە لە نێو سەرکردە سیاسییەکاندا کەسێک بدۆزرێتەوە، کە
هەموو ئەو تایبەتمەندییەی تێداکۆببێتەوە.
جەلال تاڵەبانی لەو کەسانە بوو، ڕەفتاری سیاسیی خۆی لەسەر سێ بنەمای
سەرەکی دامەزراند؛ بنەماکانی، کە لە سەردەمی خەبات دژی دیکتاتۆرییدا باوەڕی پێیبوو
و لە قۆناغی بنیاتنانی دەوڵەتی دیموکراتیشدا بە هەمان ڕێباز بەردەوام بوو:
مافەکانی کورد، هاوبەشیی نیشتمانی و سازانی دیموکراتیی.
بەچاوێک سەیری کوردستان و بە چاوەکەی دیکەی سەیری بەغدای دەکرد، لە
پشتی چاویلکەکانیەوە هەوڵی دەدا عیراقە گەورەکە ببینێت، بەغدا لەلای ئەو ڕووگەی
دەوڵەت بوو، کوردستانیش ئەو ڕەگ و ڕیشەیە بوو، کە ناسنامە و سەرسەختیی خۆی لێوە
وەردەگرت، عیراقیش ئاسۆ کۆکەرەوەکە بوو، کە سەقامگیر نەدەبوو مەگەر بە بەشداریی
سەرجەم ڕۆڵەکانی.
کوردێکی دڵسۆزی دۆزی گەلەکەی بوو، هەڵگری خەمەکانی بوو لە ئاشتی و
جەنگدا، بەرگریی لە مافە نەتەوەییەکانی دەکرد؛ بەڵام لە هەمان کاتدا، عیراقییەک
بوو بڕوای وابوو، کە هاوبەشی بناغەی سەقامگیریی دەوڵەتە و جیاوازی و فرەیی نابێت
ببێتە هۆی ململانێ، بەڵکو دەبێت ببێتە بنچینەیەک بۆ بونیادنانی ئەو شەراکەتە،
لەبەرئەوە هیچ دژایەتییەکی لە نێوان دڵسۆزیی بۆ کوردستان و ئینتیمای بۆ عێراق
نەدەبینی، بەڵکو هەوڵیدەدا یەکەمیان بکاتە دەروازەیەک بۆ بەهێزکردنی دووەمیان.
کەسایەتیی ئەو بە پراگماتیزم و نەرمییەکی بەرز لە ئەوانی دیکە
جیادەکرایەوە، کە دوو سیفەتن پانتایی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکانی عیراق
پێویستی پێیانە، توانای پەیوەندیکردنی دەرفەتی ئەوەی پێدابوو، کە لە یەککاتدا
لەگەڵ لایەنگران، ڕکابەران و ئۆپۆزسیۆندا کار بکات. ئەو خاوەنی کاریزمای برا و
باوکی سیاسیی بوو، هەركاتێک ناکۆکییەک لە نێوان بەغدا و هەرێم، یان لە نێوان
هێزەسیاسییەکاندا، یان لە ناوخۆی یەک پێکهاتەدا سەری هەڵبدايە، ئامێری
ئاگرکوژێنەوەی پێبوو.
پیاوی هاوسەنگییەکان بوو لە نێوان کوردستان و بەغدا، پیاوی واقیعبینیی
سیاسیی بوو، کە درکی بەوە دەکرد عیراق بە سەردەستەیی هەمیشەیی بەڕێوەناچێت،
سەرکەوتنی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا دەشێت ببێتە پێشەکییەک بۆ دۆڕاندنی
تەواوی نیشتمان لەبەرئەوە، دوای کۆچی دوایی، بۆشاییەک مایەوە، کە ژیانی سیاسیی
نەیتوانی پڕیبکاتەوە؛ چونکە عیراق بەبەردەوامی لەگەڕاندا مایەوە بۆ کەسایەتییەک ،
کە ڕۆڵی پرد ببینێت، نەک دیوار.
تائێستاش دەوڵەت نەیتوانیوە ئەزموونی سەرکەوتووی کەسیی ئەو لە
دروستکردنی هاوسەنگییەکان و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، بکات بە سیستەمێکی
دامەزراوەیی هەمیشەیی. ئەو پیاوە بە هۆی ئەزموون، تۆڕی پەیوەندییەکان و
نەرمییەکەیەوە سەرکەوتوو بوو، دەبوو دەوڵەت ئەو ئەزموونە بگوێزێتەوە بۆ ڕێسا،
دامەزراوە و میکانیزمی دەستووریی تۆکمە، کە عێراق بتوانێت لە سایەیاندا حەسانەوە
ببینێت دوای نەمانی کەسایەتییەکان.
کاتێک سەیرێکی پەیوەندییەکانی نەوەی باوکەدامەزرێنەرەکان دەکەین،
دەبینین کە خاوەنی سروشتێکی تایبەت بوون، تەنیا هاوپەیمانییەکی بەڕێوەبردنی
بەرژەوەندیی کاتی نەبوون، بەڵکو پەیوەندیی هاوڕێیەتیی نیشتمانیی و خەباتی هاوبەش
بوون، لەسەر بنەمای دانپێدانانی یەکتر بە پێگە و ڕۆڵی یەکدی، لەسەر توانای
جیاوازبوون بێ ئەوەی بگاتە بڕین و داڕمانی پەیوەندییەکان، بونیادنرابوون.
پەیوەندیی جەلال تاڵەبانی و سەید محەممەد بەحرولعلوم نموونەیەکی ڕوونی
ئەم ڕۆحەیە سەید بەحرولعلوم، تاڵەبانیی، وەک سەرکردەیەکی عیراقیی کورد و شەریکێک
لە بونیادنانی بەدیلی دیموکراتییدا دەبینی، لە بەرامبەردا تاڵەبانیش بەحرولعلومی،
وەک برایەکی گەورە و مەرجەعێکی نیشتمانیی باوەڕپێکراو دەبینی، کە توانای
تێپەڕاندنی هاوپەیمانییە نەتەوەیی و حزبییەکانی هەبوو و هاوکار بوو لە کۆکردنەوەی
جیاوازەکان و کوژاندنەوەی ململانێکان.
نامە دەستنووسەکەی تاڵەبانی، کە ڕێککەوتی (3ـی کانوونی دووەمی 1994)ـی
بەسەرەوەیە، قوڵیی ئەم پەیوەندییە دەسەلمێنێت؛ کاتێک بە دەستەواژەی: (سەیدی
ئازیزمان) داوای لە سەید بەحرولعلوم کردبوو، وەکو (برای گەورەی ئازیز و مامۆستای
گەورەی نیشتمانیی عیراقی) وەسفیکردبوو، جەختی لەوە کردبووەوە، کە سەرکردایەتیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (پێزانینی بەرز و ڕێزی قووڵ)ـی بۆی هەیە، پاشان
نامەکەی بە ئیمزایەکی واتادار بە کۆتایی هێنابوو: (برای دڵسۆزتان، جەلال تاڵەبانی).
ئەم دەستەواژانە تەنیا سازشکردنێکی پرۆتۆکۆلی نەبوون؛ بەڵکو هەردوو
پیاوەکە لە ناو بازنەی خەمی نیشتمانیدا کاریان دەکرد، خاوەنی ئەزموونی دەستپێشخەری
بوون بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان، بێگوێدانە ناسنامەی لایەنەکانی، مادام لەسەر خاکی
عێراق دەسووتا و هەڕەشەی لە یەکێتیی کۆمەڵگە و داهاتووی دەوڵەت دەکرد. بەمەشەوە،
هەریەکەیان سەربەخۆیی خۆی لە ڕووانگە و هەڵوێستدا پاراستبوو؛ نە هاوڕێیەتی ڕێگەی
لە بەحرولعلوم دەگرت لە ئاراستەکردنی ڕەخنە بۆ سەرکردایەتیی کورد لە کاتی شەڕی
ناوخۆدا و نەجیاوازیش ڕێگەی لە تاڵەبانی دەگرت لە گوێگرتن لێی و ڕێزگرتن لە
پێگەکەی.
پەیوەندییان نموونەیەک بوو بۆ هاوڕێیەتیی سیاسیی ڕەخنەگرانە، کە
متمانەی کەسی و شەراکەتی نیشتمانیی کردبووە دوو بنەما بۆ کاری گشتی.
ئایا دەکرێت بۆمان، لەم ساتەوەختە مێژووییە یەکلاکەرەوەیەی مێژووی
وڵاتەکەمان و ناوچەکەماندا، لە سایەی کەشوهەوای جەنگێکدا، کە ناپێورێت بە کوێ
دەگات و کۆتاییەکەی لە کوێ دەبێت، وێنەی باوکەدامەزرێنەرەکان بهێنینە بەرچاومان،
کە لە گۆڕەکانیانەوە سەرهەڵبڕن و سەیرێکی دۆخی ئێستامان بکەن؟ هەڵوێستیان چیی
دەبوو؟ چۆن دەجوڵانەوە؟ ڕوویان لە کوێ دەکرد؟
ڕەنگە ئەم پرسیارە، وەک خەیاڵێک بێتەبەرچاو، بەڵام لە ڕاستیدا
بانگەوازێکە بۆ چوونەوەسەر مێژوو، نەوەک بۆ هێنانەوەی پیاوەکانی بە شێوازێکی
سۆزدارانە، بەڵکو بۆ تێگەیشتن لە شێوازی بیرکردنەوە و ئاڕاستەی کارکردنیان لە
بەرامبەر قەیرانەکاندا. کاتێک مەوداکانی لێکتێگەیشتن تەسکدەبوونەوە چییان دەکرد؟
چۆن لە کاتەکانی لێکترازاندا پردەكانیان دەپاراست؟ بە چ تەرازوویەک هاوسەنگییان لە
نێوان بنەماکان و پێداویستییەکانی ڕێککەوتن و لە نێوان مافی پێکهاتەکان و
بەرژەوەندیی گەورەی نیشتماندا ڕادەگرت؟
ڕووداوەکان بە هەمانشێوە دووبارەنابنەوە، بەڵام بەشێوازی جیاواز
دووبارەدەبنەوە، لە کاتێکدا زۆربەی هۆکار و مەترسییەکانیان بە لێکچوویی دەمێننەوە.
لەبەرئەوە، وەفاداری بۆ جەلال تاڵەبانی و بۆ نەوەی باوکەدامەزرێنەرەکان تەنها بە
بیرهێنانەوەی هەڵوێستەکانیان نابێت، بەڵکوو بە گۆڕینی ئەزموونەکانیان دەبێت بۆ
کەلتورێکی سیاسیی و دامەزراوەی نیشتمانی؛ کە بەهای دیالۆگ بگەڕێنێتەوە، شەراکەت
بپارێزێت و ڕێککەوتن بکاتە هێزێک بۆ پاراستنی دەوڵەت، جیاوازیش بکاتە ڕێگەیەک بۆ
تەواوکاری، نەک بۆ بیانوویەک بۆ دابڕان.
عیراقی ئەمڕۆ پێویستی بە کۆپیکردنەوەی پیاوانی ڕابردوو نییە، بەقەد
ئەوەی پێویستی بە گەڕاندنەوەی دانایی، ڕۆحی نیشتمانی و توانای پردبونیادنانیان
هەیە لە سەردەمی سوتانی ئاگرەکاندا.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
ناڤی پیلای خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەستهێنا
01:37 PM - 2026-10-09 -
كەشناسی: ئەگەری تاوەباران و بروسكە هەیە
10:31 AM - 2026-10-09 -
باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا: پشکنینی DNA بۆ 18 تەرم دەکرێت
03:25 PM - 2026-10-08 -
بەرهەمەكانی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لەپێشانگای فرانكفۆرت نمایش دەكرێن
01:12 PM - 2026-10-08
زۆرترین خوێنراو
-
خانەقین؛ فیکەیەک لە ڕابردوو، پرسیارێک بۆ ئەمڕۆ
بیروڕا 02:24 PM - 2026-10-09 -
ناڤی پیلای خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەستهێنا
جیهان 01:37 PM - 2026-10-09 -
نرخی نەوت دادەبەزێت
ئابوری 10:52 AM - 2026-10-09 -
كەشناسی: ئەگەری تاوەباران و بروسكە هەیە
کوردستان 10:31 AM - 2026-10-09 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
کوردستان 09:04 AM - 2026-10-09 -
وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر بڕیاری هاوردەکردنی هێلکە و مریشک راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە
کوردستان 11:47 PM - 2026-10-08 -
سەرۆکوەزیرانی عیراق: بۆ دابینکردنی مووچە سێ بژاردەمان لەبەردەستدا بوو
عیراق 08:52 PM - 2026-10-08 -
جێگرى پارێزگارى سلێمانى: هەر بازرگانێک کاڵا گران بکات رووبەڕووى یاسا دەکرێتەوە
کوردستان 05:43 PM - 2026-10-08




دابەزێنە

