riklam

سیاسەتی پەڕینەوە لە سەردەمی دیوارەکاندا

بیروڕا 01:06 PM - 2026-10-01
ئەرسەلان مەحمود

ئەرسەلان مەحمود

نۆ ساڵ دوای لە کۆچی سەرۆک مام جەلال، ناوچەکە بە یەکێک لە ناجێگیرترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخیدا تێدەپەڕێ. نەخشەکان کەوتوونەتەوە بەر نەشتەر، هاوپەیمانێتییەکان وەک لمی ژێر پێ دەجووڵێن. پرسیاری پێگەی کورد لەم هاوکێشەکەدا، بە سەنگێکی زیاتر لە ڕۆژەڤدایە. یادکردنەوەی ئەو ڕابەرە دەگمەنەی ڕۆژهەڵات، لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، بە وتار و لیستێک لە دەستکەوت کۆتایی پێنایەت. سەرۆک مام جەلال کارەکتەرێک نییە بکرێتە بابەتی ماتەمینییەکی ساڵانە. مام خاوەن دید و ڕێبازێکی ڕۆشن بوو لە بیرکردنەوەی سیاسیدا، ئەمڕۆ لە هەر کاتێک زیاتر پێویستیمان پێیەتی.

سێ بەشی مێژووی سیاسی کورد لە باشوور لە سەدەی بیستدا، مێژووی ترس بوو، ترس لە ئەنفال و کیمیاباران، لە ڕاگواستن، لە سڕینەوەی ناسنامە. ئەو گەلەی لە ناو ترسدا گەورە دەبێت، زۆرجار زمانە سیاسییەکەیشی هەر دەبێتەوە بە زمانی شیوەنگێڕان و گلەیی. میخائیل باختین، لە خوێندنەوە بەناوبانگەکەیدا بۆ فەرهەنگی کەرنەڤاڵ، پێکەنین وەک سەرکەوتنێک بەسەر ترسدا دەناسێنێت. ئەو ساتەی ڕابەڕیک بە دەسەڵات پێدەکەنێت، دەسەڵات بەشێک لە هەیبەتی خۆی لەدەست دەدات. هەر بۆیە دەبێت پێکەنینەکانی سەرۆک مام جەلال لە ئاستێکی قووڵتردا بخوێنینەوە.

لای سەرۆک مام جەلال پێکەنین شێوازێک بوو لە ڕەتکردنەوەی چارەنووسی تراژیدی. ئاماژەیەک بوو بەوەی کورد دەتوانێت بەبێ فرمێسک لە ژووری دانوستاندا دابنیشێت و بە سەربەرزییەوە قسەی خۆی بکات. مام جەلال لە بەغدا، تاران، ئەنقەرە، دیمەشق و واشنتۆن، پێش خستنەڕووی بەڵگەنامەکان، زۆرجاران دەرگە داخراوەکانی بە پێکەنینێک دەکردنەوە، نوکتەکانی لەو ژوورانەدا هەر خۆی لە خۆدا دیپلۆماسییەتێکی بێدەنگ بوون. گرژیی دەشکاند و دوژمنی دەکردە هاوبەشی پێکەنینێک. ئەو دوو کەسەی لە دانووستاندا پێکەوە پێدەکەنن، بە ئاسانی نابنە دوژمنی یەکتر.

سیاسەت و گوتاری سیاسی کوردی، بە درێژای زیاتر لە سەدەیەک تەنها دروستکردنی دیوار بوو. دیواری نێوان پێکهاتە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان، دیواری قووڵکردنەوەی جیاوازییە چینایەتییەکان، دیواری ناوچەگەرێتی، دیواری کوردایەتیی موزەییەف، دیوار لە نێوان حزبەکاندا، لە نێوان شار و شاخدا و لە نێوان کورد و دراوسێکانیدا. سەرۆک مام جەلال هات و ئەو دیوارانەی ڕووخاند. لە جێگەیانیدا پردی تێپەڕاندن و پەڕینەوەی لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی تر لە تێکۆشان و پێکەوەژیان دروستکرد و گوتاری نیشتمانیی بونیادنایەوە.

هایدیگەر لە بیرکردنەوەکانیدا لەبارەی نیشتەجێبوونەوە دەڵێ: ڕووبار دوو کەناری هەیە، بەڵام ئەو دوو کەنارە تەنها لەو ساتەدا دەبنە کەناری یەکتر، پردی پەڕێتەوە هەبێت. کورد و عەرەب، سوننە، شیعە و نێوانی تاران و واشنتۆن، لە دید و ئایدیای سەرۆک مام جەلالدا ئەم مانایەیان وەرگرت. جیاوازییەکان هەبوون و هەر مابوون، بەڵام چیتر دوو دوورگەی دابڕاو نەبوون.

هانا ئارێنت ئەم فکرەیە دەباتە قووڵایی سیاسەتەوە. بە بڕوای ئەو، سیاسەت لە نێوانی مرۆڤەکاندا لەدایک دەبێت، لەو بۆشاییەی فرەیی و جیاوازی تێیدا خۆیان دەنوێنن. ئەو شوێنەی پردی پەڕینەوە دروست دەبێت، هەمان ئەو شوێنەیە سیاسەتی ڕاستەقینەی تێدا دەست پێدەکات. بۆ سەرۆک مام جەلال، مافی نەتەوەیی کورد، دیموکراسیی دەوڵەت و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی سێ ڕووی یەک پرسیار بوون. ئەو بە ڕوونی تێگەیشتبوو پرسی کورد لە دەوڵەتێکی دیکتاتۆریدا چارەسەر نابێت و دیموکراسییەک مافی کوردی تێدا نەبێ، ناتەواوە. پردەکانی مام بنەمایی ڕوونیان هەبوو. سەرێکیان لەسەر مافی نەتەوەیی دادەمەزرا و سەرەکەی تریان لەسەر ئاسۆی دیموکراسی.

لە ٢٠٠٥دا یەکەمین کورد گەیشتە سەرۆکایەتیی دەوڵەتی عیراق، هێماکەی لە پۆستەکە گەورەتر بوو. ئەو دەوڵەتەی دەیان ساڵ بە کیمیاباران و ئەنفال وڵامی کوردی دەدایەوە، ئەمجارە کوردێک لە لوتکەکەیدا فەرمانڕەوا بوو، عەرەب، تورکمان، مەسیحی و پێکهاتەکانی تری لە دەوری یەک مێز کۆدەکردەوە. ئەمە لە کاتێکدا پرد بوون باجێکی قورسی هەیە، لە هەردولاوە بەسەریدا دەپەڕینەوە. ئەوەی دەبێتە پرد، ئامادەی ئەوەیە خەڵکی بەسەر دەستەکانیدا بپەڕنەوە و خۆیشی هەر لە جێگەی خۆیدا بمێنێتەوە. ئەوانەی ئەو ساتانەیان بە سازش لە پێناو خۆدا ناودەبرد، نابینا بوون، ئەو باجە گەورەیان لە گیانبازی سەرۆک مام جەلال بۆ نیشتمانێکی نوێ و ئازاد و دیموکراسدا نەدەبینی.

لەو قۆناغەدا، پرد بوو بە دامەزراوە. دەستووری ٢٠٠٥ بۆ یەکەمجار لە دەستوورێکی هەمیشەیی عیراقدا هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمێکی فیدراڵ چەسپاند و عیراقی وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەئایین پێناسە کرد. ئەمە ئەو ساتە بوو فکرەی پرد بوون و پەڕینەوە لە ئایدیاوە گۆڕا بۆ دەق و یاسا و ڕێککەوتنی نێوان پێکهاتەکان بوو بە بنەمای دەوڵەت. سەرۆک مام جەلال ئەم فرەدەنگییەی لە ئایدیای یەکێتییەوە هێنا، هەر بۆیەش وەک ڕۆحی یەکێتییەکەیشی پارێزگاری لێدەکرد، ڕەخنەی دەبیست، مشتومڕەکانی خۆشدەویست، باوەڕی بە جیاوازی و جیابینییەکان هەبوو، هەر بۆیەش دەیتوانی لەسەر هەمان سفرە لەگەڵ نەیارەکاندا دابنیشێت.

فرەدەنگیی ناو ماڵی یەکێتی ئاوێنەیەکی بچووکی ئەو کوردستان و ئەو عیراقە بوو سەرۆک مام جەلال بەردی بناغەکەی دانا. ئەو پێیوابوو جیاوازییەکان دەبێ قبووڵبکرێن و نەک بسڕدرێنەوە، ململانێ بە گفتوگۆ یەکلابکرێتەوە، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی پشتی گوتاری نیشتمانی بەهێز دەکات. ئاسۆی سۆسیال دیموکراسی، ئەو ئاسۆیەی یەکێتی لە ناخی خۆیدا هەڵیگرتووە، لەم فکرەیەوە سەرچاوەی گرتبوو، نیشتمان بۆ هەمووانە، نەک تاقم و گرووپ و کەسێک.

ئەو سەرۆکەی تەمەنێک دژی تاکدەنگی و تاکڕەهەندی وەستایەوە، ئەگەر بکرێتە بتێکی بێدەنگ، دووجار دەمرێت. ڕێزلێنانی ڕاستەقینە لەو پرسیارەوە دەست پێدەکات. ئەگەر سەرۆک مام جەلال ئەمڕۆ لە ناوماندا بوایە، دەربارەی ئەم دیوارانەی دووبارە بەرزبوونەتەوە چی دەگوت؟ چی دەکرد؟ چ نوکتەیەکی دەکرد؟ پرسیارەکان قورسن و قورسییەکەیان خۆی نیشانەی ئەوەیە هێشتا سەرۆک مام جەلال زیندووە بە جۆرێک هەم ڕێبەر و هەم ڕێنامەیشە.

ئەو میراتەی سەرۆک مام جەلال بەجێیهێشت، ئەرکێکی قورس دەخاتە سەرشانی یەکێتی و هەموو ئەوانەی خۆیان بە میراتگری ئەو ڕێبازە دەزانن. میراتی فکری تەنها بە بەردەوامیدان بە ڕێبازەکەی زیندوو دەمێنێتەوە. واتا بە کردنەوەی دەرگە بۆ گفتوگۆ، بە ڕووخاندنی ئەو دیوارانەی لە ناو کورد و عیراقییەکان و ناوچەکەدا سەریانهەڵداوەتەوە، بە گەڕاندنەوەی گوتاری نیشتمانی بۆ ناوەندی سیاسەت و بە پاراستنی ئەو فرەدەنگییەی ڕۆحی ڕێبازەکەیە.

پردەکانی سەرۆک مام جەلال هێشتان هەر لە شوێنی خۆیاندان و چاوەڕێی نیشتمانپەروەران و هەر ئازادیخوازێکن. یادکردنەوەی ڕاستەقینەی سەرۆک مام جەلال ئەو ساتەیە، ئێمەی کورد خۆمان بەسەر ڕووباری جیاوازییەکانماندا دەپەڕینەوە و لەوبەرییەوە، پێکەوە یەکتر دەبینینەوە.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket