riklam

پەنجەرەیەک لەسه‌ر دەستوور

بیروڕا 11:14 AM - 2026-09-30
 د.ئيسماعيل نه‌جمه‌دين زه‌نگەنه‌

د.ئيسماعيل نه‌جمه‌دين زه‌نگەنه‌

ئاریشەی بەڕێوەبردنی ناوچە کێشەلەسەرەکان: هه‌ڵپه‌ساردنى دانپێدانان به‌ زانكۆى گه‌رميان و كۆلێجه‌كانى خانه‌قين بەنموونە

لە دوای پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی عیراق لە ساڵی 2005، پرسی ناوچە دابڕاوه‌كان یان ئەو ناوچانەی لە ماددەی 140دا بە (ناوچە کێشەلەسەرەکان) ئاماژەیان پێکراوە، وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین دۆسێى سیاسی، یاسایی و ديمۆگرافى مایەوە.

هەرچەندە ماددەی 140 نەخشەڕێگەیەکی پێكهاتوو لە سێ قۆناغ (ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و راپرسی) دیاری کردبوو بۆ یەکلاکردنەوەی ئایندەی ئەم ناوچانە، بەڵام بێدەنگی دەستوور لە هەمبەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کارگێڕیی ئەم ناوچانە لە قۆناغی پێش جێبه‌جێكردنى مادده‌كه‌، هەروەها پەکخستنی ئەنقەستی رێکارە دەستوورییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە، بۆشاییەکی گەورەی کارگێڕی و یاسایی دروستکرد و قۆناغى پێش جێبه‌جێكردنه‌شى زۆر درێژكرده‌وه‌. 

 به‌جۆرێك، ئەم بۆشاییە دەستووری و کارگێڕییە، رێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی لە بەغدا، بێدەنگیی دەقەکان و کەمتەرخەمیی هه‌رێم بقۆزێتەوە بۆ سەپاندنی هەژموونی بە مه‌ركه‌زيكردنى خۆی. زیانی یەکەمی ئەم سیاسیەتە تەنیا بەر پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان نەکەوتووە، بەڵکو رەنگدانەوەی راستەوخۆ و مەترسیداری لەسەر سێکتەرە كارگێڕى و خزمەتگوزاری، پەروەردەیی و ئەکادیمییەکان هەبووە. لەناو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، دامەزراوە زانستی و ئەکادیمییەکان کراونەتە قوربانیی ململانێی سەروەری و نموونەی ناوەندەکانی خوێندنی باڵا لە خانەقین روونترین گوزارشت لەم کێشەیە دەکەن.

ئاریشەی بەڕێوەبردن لە سایەی بێدەنگی دەستووردا: دەستووری عیراق لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکاندا لە نێوان ناوەند و هەرێمەکان، باس لە دەسەڵاتی قه‌تيسكراو (ماددەی 110) و دەسەڵاتی هاوبەش (ماددەی 114) دەکات. بەڵام کاتێک نۆرە دەگاتە دەسەڵاتی کارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردن بەسەر ئەو ناوچانەی کە هێشتا ناسنامەی ئیدارییان بە یەکجاری یەکلانەبووەتەوە، دەستوور بێدەنگی هه‌ڵبژاردووه‌. ئەم بێدەنگییە نەک هەر رێگەی لە دروستبوونی مۆدێلێکی هاوبەشی تەندروست گرتووه‌، بەڵکو بووەتە دەرفەتێکى له‌بار بۆ حكومه‌تى فيدراڵى تا بە لۆژیکی (دەسەڵاتی مه‌ركه‌زى) سەرلەنوێ کۆنتڕۆڵی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بکاتەوە.

حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، بە سوود وەرگرتن لە کۆنترۆڵکردنی بودجەی گشتی، دەروازە سنوورییەکان و دەسەڵاتی بەخشینی دانپێدانانی رەسمی به ‌دامه‌زراوه‌كان، هەوڵیداوە سیستمی كارگێڕى عیراق بگەڕێنێتەوە بۆ پێش ساڵی 2003 لە رێگەی بچووککردنەوەی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەدا. ئەم سیاسەتە نەک لە رێگەی ده‌قى دەستووری، بەڵکو لە رێگەی گوشاری كارگێڕى و داراییەوە جێبەجێ دەکرێت، کە تیایدا مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییانی ناوچەکە (وەک مافی خوێندن و خزمەتگوزاری) وەک کارتی گوشار بەکاردەهێنرێن.

کارتى بەبارمتەگرتنی دانپێدانان؛ زانکۆی گەرمیان و كۆلێجه‌كانى خانەقین بە نموونە

یەکێک لە مەترسیدارترین رەنگدانەوەکانی ئەم سیاسەتە لە کەرتی خوێندنی باڵادا دەردەکەوێت، بە تایبەت لە مامەڵەکردنی وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵی لەگەڵ کۆلێجەکانی زانکۆی گەرمیان لە شاری خانەقین.

لە ماوه‌ى ساڵانى رابردوودا، زانکۆی گەرمیان (کە سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستانە) رۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە بوژاندنەوەی کەرتی زانستی و روشنبیری لە خانەقین و دابینکردنی هەلی خوێندن بۆ هەزاران گەنجی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە، بەڵام لە ساڵانی دواییدا، دەسەڵاتی فیدراڵی رێکارێکی توندى گرتووەتە بەر لە رێگەی بەبارمتەگرتنی دانپێدانانی رەسمی بە بڕوانامەی دەرچووانی ئەو کۆلێجانە و به‌شێك له‌كۆلێج و به‌شه‌ زانستييه‌كانى ديكه‌ى زانكۆى گه‌رميان. 

 وەزارەتی خوێندنی باڵاى فيدراڵى، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یان راستەوخۆ، دانپێدانان بە زانکۆى گه‌رميان و كۆلێجه‌كانى خانەقین رەتدەکاتەوە یان پەکدەخات، بەو پاساوەی کە ئەم زانكۆيه ‌سێ كۆلێجى له‌و ناوچەیە دامه‌زراندووه‌، كه‌ لە رووی كارگێڕییەوە تەواو سەر بە پارێزگاى دياله‌ و حكومه‌تى فيدرالييه‌ و نابێت زانکۆیەکی سەر بە هەرێمی کوردستان به‌ڕێوه‌يان ببات. ئامانجی ئاشكرا و شاراوەی ئەم گوشارە سیاسییە ئەوەیە، کە لایەنی هەرێمی کوردستان ناچار بکات بە دەستبەرداربوون لەو كۆلێجانه‌‌ و به‌ڕێوه‌بردنيان بدرێته‌ دامه‌زراوه‌كانى سه‌ر به‌ حكومه‌تى فيدراڵى. ئەمەش لە چوارچێوه‌ى قاوغێكى نوێدا ئامادەکاری بۆ دەکرێت بە ناوی دامەزراندنی (زانکۆی خانەقین)ی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵی. وه‌نه‌بێ ئه‌م جۆره‌ گوشاره‌ ته‌نها په‌يوه‌ست بێت به‌و زانكۆيه‌، به‌ڵكو وه‌زاره‌ته‌ فيدراڵیيه‌كه‌ نايشارێته‌وه‌، كه‌ داننان به‌زانكۆ تايبه‌ته‌كانى هه‌رێميش هه‌ڵده‌سپێرێت، تاوه‌كو وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى هه‌رێم داننه‌نێت به‌چه‌ند زانكۆيه‌كى ئه‌هلى سه‌ر به‌ودا له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و ناوچه‌كانى ديكه‌شدا. 

 ئەم هەنگاوەى وه‌زاره‌تى ناوبراو له‌گه‌ڵ زانكۆى گه‌رمياندا گرتويه‌تييه‌ به‌ر، لە راستیدا ره‌وشێكى ئاسایی كارگێڕى نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی نەرمە بۆ دابڕینی تەواوەتی ئەو دامەزراوە ئەکادیمییانە لە سیستەمی خوێندنی هەرێم و فەرامۆشکردنی ئەو هەوڵە مێژوویی و داراییانەيه‌ (ئەگه‌رچى له‌ئاستى چاوه‌ڕوانيشدا نه‌بن) كه‌ هەرێم لەپێناو راگرتنی ناسنامەی رۆشنبیری و كارگێڕى ناوچەکەدا داویەتی.

مەترسی و لێکەوتەکانی ئەم هەنگاوە: گواستنەوەی کۆلێجەکانی خانەقین بۆ سەر ناوەند و بە بارمتەگرتنی ئایندەی ده‌رچووان و خوێندکارانى زانكۆى گه‌رميان، کۆمەڵێک لێکەوتە و مەترسیی قووڵی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە تەنیا لە بواری ئەکادیمیدا کورت نابنەوە: 

1. سەپاندنی ئەمری واقیعی سیاسی و كارگێڕى: ئەم هەنگاوە جۆرێكه‌ له ‌بڕیاردانى پێشوه‌خته‌ لەسەر چارەنووسی كارگێڕى خانەقین، له‌ پێش ئەوەی قۆناغەکانی ماددەی 140 جێبەجێ ببن. رادەستکردنی دامەزراوە زانستییەکان بە بەغدا، رەوایەتی دەدات بە هەژموونی تاكڕه‌وى دەسەڵاتی فیدراڵی و جێبەجێکردنی ئەمری واقیع بەسەر نەخشەی سیاسیی ناوچەکەدا.

2. سڕینەوەی ناسنامەی خوێندنی کوردی و گۆڕینی دیمۆگرافیای رۆشنبیری: بردنەژێر رکێفی یەکجاریی دامەزراوە ئەکادیمییەکان بۆ سەر بەغدا، بە تێپه‌ڕبوونى کات دەبێتە هۆی گۆڕینی زمان و پڕۆگرامەکانی خوێندن. ئەمەش زمانی کوردی وەک زمانی خوێندن لە خانەقین به‌ره‌و لاوازى ده‌بات و پرۆسەی به ‌عەرەبکردنی نەرم لە رێگەی سێکتەری پەروەردە و خوێندنی باڵاوە چالاکتر و كاريگه‌رتر دەکاتەوە.

3. پەکخستنی کەرتی ئەکادیمی و سەربەخۆیی زانستی: دەستوەردانی سیاسی لە سێکتەری خوێندنی باڵا، سەربەخۆیی ئەکادیمی دامەزراوەکان له‌كه‌دار ده‌كات. هەروەها کێشەی ئاڵۆزی دارایی و کارگێڕی بۆ میلاكاتی مامۆستایان، فەرمانبەران و ئه‌وانى ديكه‌ دروست دەکات کە ساڵانێکە لەسەر میلاکی هەرێم خزمەت دەکەن.

4. كاريگه‌رى له‌سه‌ر وابه‌سته‌يى كادره‌ ئه‌كاديمييه‌كان و فه‌رمانبه‌ران به‌ ئاستى حكومڕانى فيدراڵه‌وه‌:  ده‌گونجێ ئه‌م مه‌ترسييه‌ نزيكترين مه‌ترسى بێت له‌بڕياره‌كه‌وه‌، به‌ جۆرێك مامۆستايان و فه‌رمانبه‌رانى كۆلێجه‌كانى خانه‌قين له‌كاتى گواستنه‌وه‌يان بۆ سه‌ر وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى فيدراڵ، له‌ رووى دارايى و موچه‌ى مانگانه‌وه‌ سوودمه‌ند بن، به‌و پێيه‌ش ره‌نگبێ وابه‌سته‌ و وه‌لا و رووگه‌يان بۆ ناوه‌ند ‌بێت، دووريش نييه‌ هه‌ر به‌هه‌مان هۆكار مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانى ديكه‌ى زانكۆى گه‌رميانيش به‌زۆرى داواى گواستنه‌وه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌و كۆلێجانه‌ له‌پێش دامه‌زراندنى زانكۆى خانه‌قينه‌وه‌.

چاره‌سه‌ره‌‌ پێشنيازكراوه‌كان: بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە و رێگریکردن لە سەپاندنی سیاسەتی یەکلايه‌نه‌، پێویستە چەند رێکارێکی کرداری و یاسایی بگرێتەبەر:

* كاراكردنى ماددەی 140 و جیاکردنەوەی دۆسیەی خزمەتگوزاری لە پرسى سیاسی: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دانووستانە سیاسییەکانیدا لەگەڵ بەغدا، پرسی دامەزراوە ئەکادیمی و خزمەتگوزارییەکان لە ململانێ سیاسییەکان جیا بکاتەوە و رێگە نەدات مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان بکرێنە ئامرازی گوشار.

* بڕیاردان و بەڕێوەبردنی هاوبەش:   یەکلاکردنەوەی کۆتایی پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان بەپێی دەستوور، پێویستە مۆدێلێکی کارگێڕیی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم و وەزارەتی فیدراڵیدا پێکبهێنرێت. ئەم مۆدێلە دەبێت دانپێدانانی فەرمی بە بڕوانامەکان مسۆگەر بکات، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری ناسنامەی کارگێڕی و زمانی خوێندنی هەرێم لە ناوچەکەدا ببێت.

* پەنابردن بۆ دادگای باڵاى فيدرالى و ته‌ييكردنى رێکارە دەستوورییەکان: تۆمارکردنی داوای یاسایی لە دادگای باڵای فيدراڵى دژی وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵی بە تۆمەتی پێشێلکردنی ماددەکانی دەستوور (لەوانە مافی یەکسانی، مافی خوێندن بە زمانی دایک، جیاکاری نەکردن بەرامبەر دانیشتووانی ناوچە كێشه‌له‌سه‌ره‌كان).

* به‌نێودەوڵەتیکردنی پرسەکە و راکێشانی پشتگیریی رێکخراوەکان (ئەگه‌ر پێويستيكرد): خستنەڕووی گوشارەکانی بەغدا لەسەر دەزگا ئەکادیمییەکانى سه‌ر به‌ هه‌رێم لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا، بە تایبەتی لە رێکخراوی یونسکۆ و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بۆ پاراستنی مافی خوێندن بە زمانی دایک و پاراستنی سەربەخۆیی ناوەندەکانی خوێندن لە ململانێی سەربازی و سیاسييه‌كان.

دەرئەنجام و راسپارده‌: ئاريشه‌ى هه‌ڵپه‌ساردنى داننان به‌ ده‌رچووانى زانکۆی گەرمیان و ئاریشەی دامه‌زراندنى زانکۆی خانەقین به‌و رێگه‌يه‌ى باس ده‌كرێت‌، به ‌ته‌نها کێشەیەکی ناوخۆیی زانکۆیەک یان بڕوانامەی کۆمەڵێک خوێندکار نییە، بەڵکو نه‌خۆشييه‌كى سیاسیی بەرفراوانترە، کە ئامانج لێى سەپاندنی هه‌ژموونى حكومه‌تى فيدراڵى و ئەمری واقیعە بەسەر ناوچە کێشەلەسەرەکاندا لە رێگەی ئامراز و رێكاره‌ کارگێڕییەکانەوە. بۆيه‌ گرنگه‌ هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسیی کورد بە ستراتیژێکی روون و یاسایی رووبەڕووی ئەم هەنگاوە ببنەوە، چونكه‌ رووبه‌رى پاشه‌كشه‌ و له‌دەستدانه‌كه‌ به ‌ته‌نها له‌ کۆلێجێک يان دووان قه‌تيس نابێت، بەڵکو سەرەتایەک دەبێت بۆ لە دەستدانی سەرجەم دامەزراوە فەرهەنگی و کارگێڕییەکانی دیکەی هەرێم لەو ناوچانه‌دا. 

 سه‌رچاوه‌كان:  

- كتاب وزارة التعليم العالي و البحث العلمي الاتحادية رقم ( ت.ه.أ/ ج/ 17161 في 8/7/ 2024 . المتعلق بقرار عدم التعامل مع مخرجات الجامعات و الكليات الاهلية في الاقليم. 
- كتاب وزارة التعليم العالي و البحث العلمي الاتحادية/ دائرة التعليم الجامعي الاهلي  العدد ( ت.ه.أ/ ج/ 1297 في 15/1/ 2025 . المتعلق بالتأكيد على قرار عدم التعامل مع مخرجات الجامعات و الكليات الاهلية في الاقليم . وبيان اسباب تعليق الاعتراف، وهي عدم اعتراف وزارة التعليم العالي في الاقليم بالجامعات الاهلية التابعة للوزارة الاتحادية في محافظتي كركوك و موصل و هي الجامعات 
(جعفر الصادق، القلم ، الكتاب ، النور ، الحدباء).  
- محضر اجتماع لجنة التعليم العالي مع ممثلي وفدي وزارة التعليم العالي الاتحادية و وزارة التعليم العالي (لم يكتب مفردة العالي في عنوان المحضر)  في حكومة اقليم كوردستان بخصوص جامعة گه‌رميان رقم 154 في 27/ 9/ 2026. و المتعلق بايجاد مخرج لمشكلة عدم الاعتراف بجامعة گرميان.  
- د.اسماعيل نجم الدين زنگنه‌، الازدواجية الادارية في المناطق المتنازع عليها في العراق، مقال علمي منشور في مجلة قراءآت مستقبلية، العدد (5) ايلول 2026، ص79-88.


PUKMEDIA  

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket