riklam

ئاشتکردنەوەی دڵە تۆراوەکان

بیروڕا 11:09 AM - 2026-09-30
 د. تارق جەوهەر سارمەمی

د. تارق جەوهەر سارمەمی

بیهێنە بەرچاوت، کەسێک پێت بڵێت «ئەو کەسەی خۆشت دەویست حەز دەکات بۆ دواجار بتبینێت». لەوانەیە لەو چرکەساتەدا هەموو ناکۆکییەکانتان کاڵ ببنەوە، بەلاتەوە گرنگ نییە، کێتان راست بووە، کێتان هەڵە بووە، بۆچی بەستەڵەکی لێکدابڕان کەوتە نێوانتان؟. دەکرێت ئەو کەسە هاوڕێیەکی منداڵی و تەواوی ژیانت بێت، دەکرێ ئەو کەسە براکەیەک، خوشک، یان باوک و دایک بن. 

ئەو ساڵانەی کە پێکەوە بوون، ئەو پێکەنین و ساتە خۆش و ناخۆشانەی بە یەکەوە بەسەرتان برد،  هەمووی لە چرکە ساتێکدا، وەک فیلمێکی سینەمایی بە بیرتدا دێتەوە، لەوانەیە رۆژگارێک بە خایاڵتدا هاتبێت قسەیەکی لەگەڵدا بکەیت، بەڵام بەردەوام دواتخستووە. 

کە سەرپشک دەکرێت لە نێوان بژاردەی دوادیداری تۆ و کەسە خۆشەویستەکەت و نەبینینەوەی یەکجارەکی، ئەو کاتە تێدەگەیت کە چۆن هەندێک ناکۆکی بچووک و بێ بایەخ، بوونە هۆی لەدەستدانی کەسێکی خۆشەویست. ساڵان تێپەڕین، تۆش دوودڵ بووی لەوەی پێیبڵێیت «بیرت دەکەم»، «بمبورە» و «خۆشم دەوێیت».

تۆ، کە پەیوەندییەکەت، سەردانەکەت، داوای لێبوردنەکەت بۆ خۆشەویستەکەت دوادەخەیت و دەڵێیت «سبەی» دەیکەم، کێ دەڵێت دەگەیتە سبەی؟ مارکوس ئۆرێلیۆس دەڵێت: وا رەفتارمەکە، کە 10 هەزار ساڵی تر دەژیت. بۆیە، ئەگەر کەسێک لە ژیانتدا هەیە، رۆژانێک یەکتریتان خۆشت دەویست و لێک تۆراون، لەوە زیاتر مەهێڵە، چیتر لووتبەرزیت، بیانووی سەرقاڵبوونت بە ژیان، یان ناکۆکییەکی کۆنی نێوانتان وات لێبکات دەستی ئاشتبوونەوەی بۆ درێژ نەکەی.

دەزانی ناخۆشترین پەشیمانی لەژیاندا چییە؟ هەر لەدەستدانی ئەو کەسە نییە کە خۆشت دەویست، بەڵکو دوای رۆیشتن و ماڵئاواییکردنی، ئەوسا هەست بەو ئازارە دەروونییەی خۆت دەکەی و درک بەو هەڵەیە دەکەی، کە دەکرا، زۆر زووتر چارەی بکەیت، ئازایانە بڕیار بدەی دڵە تۆراوەکە ئاشت بکەیتەوە، پێت وانەبێ هێشتا زووە و کاتت هەیە، دەمێکە سێنێکا گوتویەتی لە ژیاندا «کاتێکی کەممان نییە، بەڵام زۆربەی بەفیڕۆ دەدەین».

تەمەن دەڕوا و یادگارییەکان بە دوای خۆیدا جێدەهێڵێ، کەواتە رۆژێک زووتر میهرەبانی بنوێنە، پەلە بکە، پەیوەندی بەو کەسەوە بکە کە  بیری دەکەیت، لاپەڕەیەکی تازەی لەگەڵدا بکەوە، قسە خۆشەکانت بۆ ئەو کەسە بدرکێنە کە تا دوێنێ خۆشت دەویست و ئەمڕۆ لێک تۆراون.

ئێمە پەیوەندی و سەردان و ئاشتەوایی و دەربڕینی خۆشەویستییەکەمان بۆ یەکتر دوادەخەین، وەک بڵێی کاتەکە بۆ ئێمە مسۆگەرە، کاتی ئەوە نەهاتووە بە هێمنی و ئارامی بیرێک لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆت بکەیتەوە، لە خۆت بپرسیت کێت لە خۆت تۆراندووە؟ کاتی ئەوە نەهاتووە، ئەمڕۆ نەک سبەی، پەیوەندیی پێوە بکەیت و ئاشتی بکەیتەوە؟

PUKMEDIA  

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket