ڕێبازی مام جەلال
بیروڕا 10:57 AM - 2026-09-30
دوێنێ ئێوارە، لە ماڵەوە لەسەر مێزی نانخواردن، لەگەڵ هاوسەر و منداڵ و نەوەكانم خەریكی خواردنی ژەمی ئێوارە بووین. مێزەكە پڕ بوو لە خۆشەویستی و بیرەوەری و قسەی دڵ؛ جارێك باسی ژیانی ڕۆژانە و جارێكیش باسی سیاسەت.
كەسوكار و خزمان دەڵێن: «باڵا و شێوەی ئارام لە گەنجیی تۆ دەچێت.» كاك قوبادیش دەڵێت: «بزێویی ئارام، وام پێ دەڵێت لە بزێویی سەردەمی گەنجایەتیی خۆت دەچێت.»
ئارام، كوڕە بچووكەكەم و دوا منداڵمان، لەبەر ئەوەی لە ڕۆژی شەهیدبوونی كاك ئارام لەدایك بوو، كاك دڵێر و كاك بەختیار ناوی «ئارام»یان لێ نا. ئارام بە چاوێكی تیژ و دووربینەوە سەیری كردم و وتی:
ـ باوكە، زۆرجار دەبیستم تۆ و هاوڕێ دێرینەكانتان دەڵێن: «ڕێبازی مام جەلال». من مام جەلالم بینیوە؛ كاتێك منداڵ بووم وێنەشم لەگەڵ گرتووە، بەڵام سیاسەتم لەگەڵ نەكردووە تا بزانم ئەو ڕێبازە چییە. تۆ كە ماوەیەكی درێژ لە نزیكی مام جەلال بوویت، بۆمان باس ناكەیت ڕێبازی مام جەلال چییە؟
منیش وتم:
ـ باشە، با ژەمەكەمان تەواو بكەین؛ لە كاتی چای خواردنەوەدا، بە پێی توانای خۆم بۆتان باس دەكەم.
دوای نان، كاتێك چایەكەمان لەنێوان هەڵم و بۆنی بیرەوەریدا دانرا، بە پرسیارێكی كورت دەستم پێكرد: ڕێباز چییە؟
ڕێباز تەنها كۆمەڵێك دروشم و وتەی جوان نییە كە لە بۆنەكاندا دووبارە بكرێتەوە؛ بەڵكو كۆمەڵێك بنەما و بەها و هەڵوێستە كە بیركردنەوەی سیاسی ئاراستە دەكات و لە كاتی تاقیكردنەوەدا دەبێتە ڕێنمای كردار. ڕێباز ئەو ڕێگایەیە كە سەركردەیەك لەنێوان وشە و كردار، ئامانج و ئامراز، هێز و ئەخلاق دروستی دەكات.
بۆیە، ڕێبازی مام جەلال ناكرێت لە وتارێك یان قۆناغێكی دیاریكراودا كورت بكرێتەوە. ئەو ڕێبازە لە تێكەڵبوونی بیر و پراكتیك، شۆڕش و گفتوگۆ، كوردایەتی و مرۆڤایەتی، چەپایەتی و دیموكراسیدا پێك هاتووە.
یەكەم كۆڵەكەی ئەم ڕێبازە، كوردایەتی و باوەڕبوون بە مافی گەلانی ژێردەست بوو. مام جەلال كوردایەتی بە دژایەتیی گەلانی تر لێك نەدەدایەوە؛ مافی كوردی بەشێك لە مافی مرۆڤ و گەلان دەزانی. لە ڕێبازی ئەودا، كوردایەتی تەنها هەست و سۆز نەبوو؛ بەرپرسیارێتی بوو: پاراستنی خاك و ناسنامە و زمان، لەگەڵ داننان بە مافی پێكهاتە و گەلانی تر. ئەو باش دەیزانی گەلێك كە داوای ماف بۆ خۆی دەكات، نابێت مافی ئەوانی تر لەبیر بكات.
كۆڵەكەی دووەم، چەپایەتی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بوو. چەپایەتیی مام جەلال تەنها دەستەواژە و پۆشاكێكی سیاسی نەبوو؛ لە نزیكبوونەوەی لە ڕەنجدەران، جوتیاران، كرێكاران، مامۆستایان و چینە پەراوێزخراوەكاندا دەردەكەوت.
ئەو پێی وابوو ئازادیی سیاسی، ئەگەر لەگەڵ یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتیدا نەبێت، ناتەواوە. بۆچی مرۆڤ مافی دەنگدانی هەبێت، بەڵام نانی نەبێت؟ بۆچی مافی قسەكردنی هەبێت، بەڵام نەخۆشخانە و قوتابخانە و شوێنی نیشتەجێبوونی شایستەی نەبێت؟
مام جەلال باوەڕی بە سۆشیالیزمێك هەبوو كە لەگەڵ دیموكراسی، فرەڕەنگی و ئازادییە گشتییەكاندا بگونجێت. سۆشیالیزم لە دیدی ئەودا تەنها بەدەوڵەتیكردنی سامانی وڵات نەبوو؛ دادپەروەری، یەكسانیی دەرفەت و پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ بوو.
كۆڵەكەی سێیەم، دیموكراسی و قبوڵكردنی فرەڕەنگی بوو. مام جەلال لە دەربڕیندا میانڕەو بوو، بەڵام لە باوەڕ بە ماف و ئازادییەكاندا شل نەبوو. میانڕەویی ئەو لاوازی و بێهەڵوێستی نەبوو؛ هونەری دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و كردنەوەی دەرگای چارەسەر بوو.
ئەو سیاسەتی بە چەپكەگوڵ دەنواند؛ هەر گوڵێك ڕەنگ و بۆن و جوانیی خۆی هەیە، بەڵام كاتێك پێكەوە دەبن، چەپكەگوڵێكی جوانتر دروست دەكەن. كۆمەڵگەش بە یەك ڕەنگ جوان نابێت؛ هێزی لە جیاوازییەكانیدایە، بە مەرجێك جیاوازی نەكرێتە هۆی ڕق و دوژمنایەتی، بەڵكو ببێتە سەرچاوەی تەواوكاری.
مام جەلال تەنها بە زمان باسی دیموكراسی نەدەكرد؛ لە ڕەفتاری ڕۆژانەیدا كاری پێ دەكرد. ڕەخنەی قبوڵ دەكرد و لە ڕەخنەكردنیش لە خۆی نەدەترسا. زۆرجار لە كۆبوونەوەكان بە ئێمەی دەوت: «ئەگەر ڕەخنەتان هەیە، لە منەوە دەست پێ بكەن.»
ئەمە باوەڕێك بوو بەوەی سەركردە دەبێت پێش هەمووان خۆی بخاتە بەردەم پرسیار و هەڵسەنگاندن. حیزبێك كە گوێ لە ڕەخنە نەگرێت، هەڵەكانی خۆی نابینێت؛ سەركردەیەكیش كە خۆی لە ڕەخنە بەدوور بگرێت، بەرەبەرە لە خەڵك و ڕاستییەكان دوور دەكەوێتەوە.
ڕێبازی مام جەلال ڕێبازی گفتوگۆش بوو. ئەو لەگەڵ هاوڕێ و ڕكابەر و تەنانەت دوژمنیش قسەی دەكرد؛ نەك لەبەر ئەوەی جیاوازییەكانی لەبیر دەكرد، بەڵكو دەیزانی سیاسەت هونەری گۆڕینی ناكۆكییەكانە بۆ چارەسەرێكی مومكین.
باوەڕ بە ماف و ڕۆڵی ژنانیش بەشێكی بنەڕەتیی ئەم ڕێبازە بوو. لە دیدی ئەودا، ژن تەنها نیوەی كۆمەڵگە نەبوو؛ بەشدارێكی سەرەكیی سیاسەت و دروستكردنی داهاتوو بوو. كۆمەڵگەیەك كە ژن لە ماف و بڕیاردان دوور بخاتەوە، ناتوانێت بە ناوی ئازادی و پێشكەوتنەوە قسە بكات.
پوختەی فكریی ئەم ڕێبازە لە نامیلكەی «یەكێتیی نیشتمانی بۆ چی؟»دا دەبینرێت. ئەو نامیلكەیە تەنها وەڵامی پرسیاری دامەزراندنی ڕێكخراوێكی سیاسی نییە؛ بەڵكو بەڵگەنامەیەكی فكرییە بۆ ئەوەی یەكێتی چی بێت، نوێنەرایەتیی كێ بكات و بۆ چ جۆرە كۆمەڵگەیەك تێبكۆشێت.
ڕەهەندێكی دیكەی ڕێبازی مام جەلال، واقعبینیی سیاسی، دروستكردنی هاوپەیمانی و لێبوردەیی بوو. لە ئامانجە بنەڕەتییەكاندا قایم، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئامرازدا نەرم و واقعبین بوو. لای ئەو، سیاسەت مەیدانی تۆڵەسەندنەوە نەبوو؛ هونەری گۆڕینی ڕكابەر بۆ گفتوگۆكەر و دوژمنی دوێنێ بۆ هاوبەشی چارەسەری ئەمڕۆ بوو.
بێگومان، ڕێبازی مام جەلال ڕەهەند و تایبەتمەندیی زۆری دیكەشی هەیە كە لەم وتارە كورتەدا نەمانتوانیوە هەموویان بخەینە بەرباس. ئەمە تەنها هەوڵێكە بۆ كردنەوەی دەرگای لێكۆڵینەوەیەكی فراوانتر.
لە ڕاستیدا، شێوە و شێوازی ڕەسەنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان واتای ڕێبازی مام جەلالە؛ یەكێتییەك كە پەناگەی ڕەنجدەران، ڕووناكبیران، ژنان، لاوان، جوتیاران و كرێكاران بێت. یەكێتییەك كە ناوی نیشتمانی تەنها لەسەر دروشمەكانی نەبێت، بەڵكو لە ڕەفتار و بڕیار و خزمەتكردنیدا دیار بێت.
ڕێبازی مام جەلال تەنها ئەوە نییە كە لە یادەوەری و ساڵیادییەكاندا باسی بكەین. ڕێباز كاتێك زیندووە كە لە كرداردا بەردەوام بێت، بە پێی گۆڕانكارییەكانی سەردەم نوێ بكرێتەوە و وەڵامی پرسیارەكانی نەوەی نوێ بداتەوە.
پرسیارەكەی ئارام تەنها پرسیاری كوڕەكەم نەبوو؛ پرسیاری هەموو نەوەی نوێیە: ڕێبازی مام جەلال لە كوێی ژیان و سیاسەتی ئەمڕۆماندا دەردەكەوێت؟ چۆن دەتوانێت وەڵامی كێشەكانی گەنجان، ژنان، بێكاری، كۆچ، نادادپەروەری و لاوازیی متمانە بداتەوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە بە وتارێك تەواو نابێت. پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكانی ناو یەكێتی، بە هاوكاریی زانكۆ و ناوەندە توێژینەوەییەكان، بنەماكانی ڕێبازی مام جەلال بە شێوەیەكی زانستی كۆبكەنەوە و شیكارییان بكەن؛ وتار و نامە و بڕیار و هەڵوێستەكانی، لەگەڵ ئەزموون و شایەتیی هاوڕێیانی، لە دووتوێی كتێبێكی تایبەتدا بڵاو بكەنەوە. كتێبێك كە تەنها باس لە ژیانی مام جەلال نەكات، بەڵكو بنەما و شێوازی جێبەجێكردنی ڕێبازەكەی بخاتە بەردەم نەوەی نوێ.
كاتێك قسەكەم تەواو كرد، چایەكە سارد ببووەوە، بەڵام پرسیارەكەی ئارام هێشتا گەرم بوو. تێگەیشتم كە ناتوانرێت ڕێبازی مام جەلال لە شەوێكدا و لە دانشتنێكی چای خواردنەوە تەواو بكرێت.
من تەنها دەرگایەكم كردەوە؛ چونكە ڕێباز، ئەگەر لە كتێب و یادەوەریدا بەجێ بهێڵرێت، دەبێتە مێژوو؛ بەڵام ئەگەر لە بیر و كردار و وەڵامدانەوە بە پرسیارەكانی نەوەی نوێدا بەردەوام بێت، دەبێتە داهاتوو.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
ناڤی پیلای خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەستهێنا
01:37 PM - 2026-10-09 -
كەشناسی: ئەگەری تاوەباران و بروسكە هەیە
10:31 AM - 2026-10-09 -
باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا: پشکنینی DNA بۆ 18 تەرم دەکرێت
03:25 PM - 2026-10-08 -
بەرهەمەكانی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لەپێشانگای فرانكفۆرت نمایش دەكرێن
01:12 PM - 2026-10-08
زۆرترین خوێنراو
-
خانەقین؛ فیکەیەک لە ڕابردوو، پرسیارێک بۆ ئەمڕۆ
بیروڕا 02:24 PM - 2026-10-09 -
ناڤی پیلای خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەستهێنا
جیهان 01:37 PM - 2026-10-09 -
نرخی نەوت دادەبەزێت
ئابوری 10:52 AM - 2026-10-09 -
كەشناسی: ئەگەری تاوەباران و بروسكە هەیە
کوردستان 10:31 AM - 2026-10-09 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
کوردستان 09:04 AM - 2026-10-09 -
وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر بڕیاری هاوردەکردنی هێلکە و مریشک راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە
کوردستان 11:47 PM - 2026-10-08 -
سەرۆکوەزیرانی عیراق: بۆ دابینکردنی مووچە سێ بژاردەمان لەبەردەستدا بوو
عیراق 08:52 PM - 2026-10-08 -
جێگرى پارێزگارى سلێمانى: هەر بازرگانێک کاڵا گران بکات رووبەڕووى یاسا دەکرێتەوە
کوردستان 05:43 PM - 2026-10-08




دابەزێنە

