riklam

کێ قەرزەکەی مام جەلال دەداتەوە؟

بیروڕا 09:52 AM - 2026-09-30
لەتیف نێروەیی

لەتیف نێروەیی

بە بۆنەی تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالدا، یادکردنەوەی ئەو ڕابەرە نیشتمانیی و کاریزمایە گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی پێکەوەژیان، حیکمەت و مرۆڤدۆستی لە دیمەنی سیاسیی کوردستان و عێراقدا، چونکە مام جەلال تەنها سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو مامۆستا و رابەری ئاشتەوایی و پەناگەیەکی هەمیشەیی بوو بۆ سەرجەم هێز و لایەنە جیاوازەکان، کە لە قورسترین و تاریکترین قۆناغەکاندا بە خەندە و پشوودرێژییە مەزنەکەیەوە چارەسەری دەدۆزییەوە و هەمیشە بە باوەڕێکی قووڵەوە رێبازی دیالۆگ و پێکەوەبوونی بەرجەستە دەکرد.

لەم یادەدا وروژاندنی پرسیارێک و بیرهێنانەوەی بە بیری کۆمەڵێ کەسایەتی دەسەڵاتدار و دامەزراوەی میری و دۆستە نزیکەکانی سەرۆک مام جەلال پێویستە، کە قەرزێکی گرنگ و مێژوویی و ئەخلاقییان لەسەر شانیانە و کاتی ئەوە هاتووە قەرزەکەی مام جەلال بدەنەوە. هەڵبەت ئەوانەی، کە پێویستە قەرزی مام جەلال بدەنەوە: دوو بەشن، بەشێکیان لە هەرێمی کوردستانن و بەشی دووەمیش لە بەغدادن.

بەشەکەی هەرێم بریتین لە:

ـ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە دۆستێکی نزیکی مام جەلال بوو، ئەرکی پێدانی قەرزەکە لە هەرێم زیاتر دەکەوێتە سەرشانی بەرێزیان.

ـ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی تایبەت بە نووسینی مێژووی گەلەکەمان لە پەرتووکەکانی پرۆگرامی خوێندندا.

ـ هەموو ئەو سەرکردە و ڕۆشنبیر و مێژوونووس و نڤیسکار و ئەکادیمستانەی، کە هاوڕێی مام جەلال بوون.


ـ سەرکردایەتیی حزبەکەی مام جەلال (یەکێتی).


بەشەکەی بەغدادیش بەهەمان شێوە:

ـ جەنابی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ.

ـ وەزارەتی پەروەردە.

قەرزەکە چییە؟

بەپێی هەموو مەرج و پێوەرە زانستییەکانی نووسینەوەی مێژوو بێت .

ـ مام جەلال وەکو سەرکردەو رابەرێکی نیشتمانی کوردستانی و عیراقی .

ـ وەکو یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عیراقی نوێ
ـ وەکو یەکەم سەرۆک کۆماری کورد .

ـ وەکو ئەو سەرۆکەی، کە لەسەر ئاستی کوردستانیی و عیراقیی و نیودەوڵەتی کۆدەنگییەکی هاوبەش و هاوسەنگیان لەسەربوو .

ـ وەکو باوکی تەوافوقی نیشتمانی و ئاشتەوایی و لێبوردەیی و پارێزەری مافی هەموو پێکهاتەکانی عیراق .

ـ وەکو سەرکردەییەکی قاڵبووی سیاسەت و دیپلوماسییەتی نەرم و ژیرانە .

ـ وەکو سەرکردەیەک، کە پێشەنگی شۆڕشێکی گەورە و درێژخایەنی گەلی کوردستانی کردووەو تا دواساتەکانی ژیانی خۆی خزمەتی گەلەکەی کردووە .

ـ وەکو هەموو ئەمانەو چەندانی دیکە، لەلایەکەوە مافی خۆیەتی هاوشێوەی سەرکردە ناودارەکانی جیهانیی، مێژووە هەمە جۆرەکەی لەناو پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکان تۆمار بکرێت و لەلایەکی دیکەوە خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان و عیراقیش مافی خۆیانە بە رەهەندە مێژووییەکانی خەباتی مام جەلال ئاشنا ببن .

ـ تۆمارکردنی ئەو مێژووە لە پرۆگرامەکانی خوێندن ئەرکێکی نیشتیمانی، مێژوویی، ئەخلاقییە لەسەر شانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و نابێ ئەم بابەتە لەسەر ئاستی هەرێم تێکەڵاوی ململانێى حزبایەتی بکرێت . هەروەک ناکرێ لەسەر ئاستی بەغداد -يش ئەم بابەتە بخرێتە ناو تەرازوی ململانێی نەتەوەییەوە و وەکو هەمیشە سەرۆک مام جەلال خۆی وتویەتی"من موڵکی هەمووتانم . "

ـ دەبێ ئەمجارە و لەدوای ئەم پرسیارە چاوەڕوان بکەین و بزانین تا چەند گفتار و کردارەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم بابەتە رەنگدەداتەوە ‏.

هەموو ئەو قەرزانە، هۆكارەكەی روونە، باسكردن و شرۆڤە و گێڕانەوەی مێژووی زیاتر لە نیو سەدەی بزوتنەوەی رزگاریخوازى كورد و خەباتی دیموكراسییانەی عیراق، بەبێ مام جەلال مێژوویەکی راست و دروست و بێلایەنانە تۆمار ناکرێت، چونكە هیچ قۆناغ و وێستگە و دەستكەوتێك نەبوو پایەی بیر و بازوی مام جەلال لە سەرمەشقیی و سەركردایەتی پرۆسەكانی رەنگی نەدابێتەوە، لەناو ئەو مێژووەدا مام جەلال هەر رابەرێکی یەكێتی نەبوو، بەڵكو ستونێكی بەهێزی كورد و خەباتی دیموكراسییانەی عێراق و تەنانەت كاركتەرێكی هەرێمیی گەورەش بوو، كە شوێن دەستی بەسەر رووداوەكانی مێژووی هاوچەرخ جێهێشتووە.

PUKMEDIA 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket