riklam

ئاواتەکەی سەرۆك مام جەلال هاتە دی

بیروڕا 03:51 PM - 2026-09-24
بارزان شێخ عوسمان

بارزان شێخ عوسمان

ئاواتەکەی سەرۆك مام جەلال و ئێمەش لە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا هاتە دی

لە کاتی راگەیاندنی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا، ئەو موحازەرەیەی سەرۆك مام جەلالی مەزنم دەخوێندەوە، کە لە ساڵی ١٩٨٣ لە ناوچەی خەتێ پێشکەشی کردوە، لە میانەی کۆبونەوەی فراوان لەگەڵ کادیرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا .

لەو لاپەڕانەدا بووم کە بەڕێزیان باسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و تیایدا دوپاتی دەکاتەوە، کە ناوی هێزی پێشمەرگە خۆی وەسف دەکات، کە موڵکی گەلی کوردستانە نەك حزب و رێکخراو، بۆیە پێویستە ئەو ناو و نازناوە بپارێزرێت و مۆرکی هیچ حزبێکی پێوە نەلکێندرێت .

هەڤاڵ سکرتێری گشتیی (ی،ن،ك) زۆر بە بایەخەوە دەڕوانێتە هێزی پێشمەرگە کە هێزی خەڵکە نەك حزب، ئەوەتا روو لە رابەرە سیاسییەکانی ئەوێ دەمێ و فەرماندە و کادیرانی دیکە دەفەرموێت “هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، هێزی كۆمه‌ڵه‌ نییه،‌ هێزی شۆڕشگێڕان نییه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، هێزی پێشمه‌رگه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌، له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستانیش فراوانتره‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو تێكۆشه‌رانی چه‌كداری تێدا كۆبكاته‌وه‌، كه‌ مومكینه‌ حزبی جیاجیاشی تێدابێت، ئێمه‌ لایەنگری شیعاری له‌شكری جه‌نگین، لایه‌نگری ئه‌وەین‌ یه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌بێت له‌ كوردستاندا، فه‌رزكه‌ن سبه‌ینێ حزبی شیوعیی ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ی قبوڵكرد، مه‌سه‌له‌ن هێزێكی دیکەش قبوڵیكرد، باشه‌ كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌مان كۆكرده‌وه،‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ هی حزبی شیوعیشی تێدا ده‌بێت، كۆمه‌ڵه‌ی تـێدایه‌، شۆڕشگێڕانی تێدایه‌، كه‌سانێكی تێدایه‌ به‌س یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی رووت و قوته‌، نه‌ كۆمه‌ڵه‌ و نه‌ شۆڕشگێڕانه‌، كه‌سانێكی تێدایه‌ هیچ نییه‌، هه‌ر بیر و باوەڕێكی شۆڕشگێڕانه‌ی پێشكه‌وتوخوازانه‌ كۆیكردوەته‌وه و‌ هێناویه‌تی بۆ ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له‌ به‌رئه‌وه،‌ ئه‌و راستییه‌ له‌دڵتاندا بچه‌قێ، كاكه‌ ئه‌وه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌، هێزی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌، هه‌تا فراوانتره‌ له‌ سیاسه‌تی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ كۆمه‌ڵه‌ و شۆڕشگێڕانه ‌و كه‌سانی یه‌كێتیی نیشتمانیی  کوردستان روتیش ده‌گرێته‌وه‌.

له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و نه‌زه‌رییه‌ی ئێستا دامانهێناوه‌، مه‌سه‌له‌ی له‌شكری گه‌ل، له‌شكری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، له‌شكری ڕزگاری، پێویسته‌ كادره‌ سیاسییه‌كان باشی تێبگه‌ن “. تەنانەت بەڕێزیان لەو هەلومەرجەشدا ئەوەی بە بیر هێناوەتەوە کە دەبێت یەکێتییەکان ئەو راستییەیان لا بچەسپێت، کە رۆژێك هەر ئەو ئاواتی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەر دێتە دی و پێویستە لە ئێستاوە خۆیانی لەسەر رابهێنن. بۆیە توندتر سوربونی سیاسەتی (ی ن ك) دەخاتەڕوو، کە دەبێت کادیران بەو گیانە خۆیان رابهێنن، کە لەناو هێزی پێشمەرگەدا حزبایەتیی روت زاڵ نەبێت بەسەریاندا “هه‌ركادرێكی سیاسی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ستنادات، بچێته‌وه‌ كن باڵه‌كه‌ی خۆی، بڵێ كاكه‌ من ده‌مه‌وێت بۆ ئه‌و باڵه‌ی خۆم ئیش بكه‌م خواحافیزی بێت، بچێته‌وه‌ سه‌رچاوان”.

راستە ئامادەبوانی ئەو کۆبونەوە فراوانە پێشمەرگە و کادیری (ی ن ك) نن، بەڵام ئامانجی سەرۆك مام جەلال سەرنجڕاکێشانیانە بۆ داهاتوی ئەم هێزە، کە تەنیا هی یەك حزب نابێت، هەر بۆیە چەندین جار تەئکید دەکاتەوە سەر گرنگی رەگ داکوتاندنی بیری یەکخستن و پێکهێنانی یەك هێزی پێشمەرگە لەناو  یەکێتییەکاندا بەر لە هێز و رێکخستنەکانی تر “ دەوری رێبه‌ری سیاسی له‌ ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ قوه‌ت بكات، نابێت ماوه‌ بدات جیاوازی بیروباوه‌ڕی سیاسیی ببێته‌ هۆی جیاوازیی كار و كرده‌وه‌ یان ته‌فره‌قەنانه‌وه‌ له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان یه‌ك هێزه‌، یه‌ك هێزی یه‌كگرتووه‌، یه‌كێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان شتێكی پیرۆزه‌ له‌ كن ئێمه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێی شكاندنی ئه‌و هێزه‌ ناده‌ین”.

هەرچەندە ئەو وتە بەنرخانەی سەرۆك مام جەلال لە هەلومەرج و بارودۆخێکی تر و جیاوازتردا بووە و زیاتر لە چل ساڵە ، بەڵام ئەو راستییە هەر وەك خۆیەتی کە (ی ن ك ) و شەخسی مام لە هەر کەس و هێزێکی تر بە پەرۆشتر بووە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئاوات و ئامانجەی گەلەکەمان، تا هەر حزبە تاقمێك بە جیا چەکداری خۆی نەبێت .

هەر لەو کۆبونەوە فراوانەدا سەرۆك مام جەلال زۆر راشکاوانە تەئکید دەکاتەوە لەسەر پێویستی یەك هێزی چەکداری شۆڕشگێڕ لە کوردستاندا، لە پێناوەشدا هەوڵەکانی و دەستپێشخەرییەکانی بەردەوام بووە، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین راگەیاندنی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم کات و ساتە چارەنوسازەدا بەدیهاتنی ئاواتە لە مێژینەکەی گەلەکەمان و یەکێتییەکەیەتی کە لەم بەشەی وتە بەنرخەکانی مامی گەورەماندا بەرجەستە بوە “هێزی ئێمه‌ زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی یه‌ك تاقم بیروباوه‌ڕ بتوانێت كۆیبكاته‌وه،‌ ئێمه‌
ده‌مانه‌وێت هه‌موو هێزی جووڵانه‌وه‌ی رزگاریی نیشتمانیی دیموكراتیی خه‌ڵكی كوردستان به‌ جیاوازیی بیروباوه‌ڕه‌كه‌یه‌وه‌ كۆبكه‌ینه‌وه‌ و بیخه‌ینه‌ گه‌ڕ و بیخه‌ینه‌ جووڵان موقابل به‌ دووژمندا، هه‌ر تاقمێك و هه‌ر ته‌یارێك بۆ خۆی به‌ڕێی خۆیدا ئیش بكات و خه‌ڵك بۆ خۆی په‌یدابكات، پێمانخۆشه‌ ئێستا له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ن: ده‌یان هه‌زار كورد رێكخرابن، سه‌دان هه‌زار كورد رێكبخرێن”.

کەواتە خۆشبەختانە ئەو ئاواتەی سەرۆك مام جەلال و ئێمەی (ی،ن،ك ) و هەموو تێکۆشەرانی هێزە رەسەنەکانی دیکەی گۆڕەپانی سەختی خەبات لە ١٩٧٦ —١٩٩١ و دواتریش کە لە جەنگی دژە تیرۆر (داعش) و پاراستنی خاکی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون، ئەمڕۆ هاتە دی، کە پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانییە نەك حزبیی، ئیدی هیچ بیانویەك نەما لەبەردەم ئەوانەی بە جۆرێکی تر دەیان روانیە هێزی پێشمەرگە و بە بیانوی جیاجیا تانەیان دەدا لە پێشمەرگە .

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket